گۆڕان بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ركۆنه‌ و ئیدانه‌ی توندی هێرشه‌كانی توركیا ده‌كات بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كات هه‌لوێستی جدیان هه‌بێت.

کوردپرێس:

فراكسیۆنی گۆڕان راگه‌یێندراوێكی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژییە نووسراوە: "هێرش و پەلامارەكانی شه‌وی رابردوی توركیا، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق وهەرێمی کوردستانە."هه‌ر له‌و راگه‌یاندراوه‌دا فراكسیۆنی گۆڕان جگه‌ له‌وه‌ی سه‌ركۆنه‌ و ئیدانه‌ی توندی هێرشه‌كان ده‌كات داواش له‌ حکومەتی عێراق و بەتایبەت سەرۆکی کۆمارو وەزارەتی دەرەوە دەکات ھەڵوێستی جدیان ھەبێت، داواش لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم دەکات لەسەر ئەم پێشێلکاریە بەدەنگ بێن.

ده‌قی راگەیاندراوه‌كه‌ی فراکسیۆنی گۆڕان...

دوێنێ شەو بۆ جارێکی دیکە، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە بیانوی بونی گه‌ریلاكانی پارتی کرێکاران (pkk) لە چەندین شوێن بوردومان و ھێرشیان بۆ سەرشەنگاڵ و کامپی مەخمورو گوندەکانی باڵاکایەتی و بادینان و گۆڕەپانەکانی سیداو، ناوچەی وەرخاڵیی هەرێمی ئاڤاشین، ناوچەی سنینێی خواکورک و گوندەکانی بناری قەندیلیان .بە فرۆکە جەنگیەکانیان لە سەرخاکی کوردستان کرد. ئەم هێرش و پەلامارە، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتیەکان و سەروەری خاکی عێراق وهەرێمی کوردستانە.

بەتایبەت بۆ سەر کامپی مخمور کە خەڵکی مەدەنی تێدا نیشتەجێیە، ئەم شێوازە لە جەنگ و توندوتیژی و هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی زۆر تاقی کراییەوە، ھیچ ئەنجامێکی نەبوە و نابێت، ئەمە چەندەمین جارە ھاوڵاتیان دەکرێنە قوربانی و ڕەزو باخی بەرهەمی ساڵانەیان دەسوتێندرێت. ئێمە سەرکۆنە و ئیدانیە توندی ئەو هێرشە دەکەین.

داوا لە حکومەتی عێراق و بەتایبەت سەرۆکی کۆمارو وەزارەتی دەرەوە دەکەین ھەڵوێستی جدیان ھەبێت، داوا لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم دەکەین لەسەر ئەم پێشێلکاریە بەدەنگ بێن.

تاکە چارەسەر بۆ کۆتای هێنان بەتوندوتیژی جەنگ و کێشە گەلێکی ستەملێکراو لە تورکیا لە بری شەڕ و زیندانی کردنی نوێنەرانی گەل، دەرگای ئاشتی بکاتەوە، کێشەکان بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکات.

فراکسیۆنی گۆڕان

٢٠٢٠/٦/١٥

News Code 189021

Your Comment

You are replying to: .
captcha