مەسروور بارزانی جەخت لە زەروورەتی جێگیرکردنی پێشمەرگە لە خانەقین دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پاش هێرشی شەوی ڕابردووی داعش بۆ دەوروبەری خانەقین و شەهیدکرانی چەند هاووڵاتییێک، مەسروور بارزانی لە پەیامێکدا نیگەرانیی لەو بارەیەوە دەربڕی و جەختیشی کردەوە کە پێویستە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیر بکرێن.

کوردپرێس:

شەوی شەمە 13ی جوونی 2020 تیرۆریستانی داعش پەلاماری دەوروبەری خانەقینیان دا و بەو هۆیەشەوە ژمارەیێک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان شەهید کران.

مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا نیگەرانیی لەو بارەیەوە دەربڕی و جەختیشی کردەوە کە پێویستە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیر بکرێن.

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی:

بەداخەوە دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستان بۆ سەر گوندەکانی دارا و مێخاس سەر بە قەزای خانەقین ژمارەیەک خوشک وبرای کاکەیی شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئێمە لە کاتێکدا زۆر لە دۆخی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە نیگەرانین، لە هەمانکاتدا جەخت لە میکانیزمی ھاوکاریی ئەمنیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و گرنگیی هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ، سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە و سەروماڵی هەموو هاووڵاتییانی ناوچەکە بپارێزن.

مەسروور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2020/6/14

News Code 189007

Your Comment

You are replying to: .
captcha