کوردپرێس:
شەوی شەمە 13ی جوونی 2020 تیرۆریستانی داعش پەلاماری دەوروبەری خانەقینیان دا و بەو هۆیەشەوە ژمارەیێک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان شەهید کران.
مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا نیگەرانیی لەو بارەیەوە دەربڕی و جەختیشی کردەوە کە پێویستە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیر بکرێن.
دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی:
بەداخەوە دوێنێ شەو لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستان بۆ سەر گوندەکانی دارا و مێخاس سەر بە قەزای خانەقین ژمارەیەک خوشک وبرای کاکەیی شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئێمە لە کاتێکدا زۆر لە دۆخی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە نیگەرانین، لە هەمانکاتدا جەخت لە میکانیزمی ھاوکاریی ئەمنیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و گرنگیی هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ، سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە و سەروماڵی هەموو هاووڵاتییانی ناوچەکە بپارێزن.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2020/6/14
Your Comment