بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بەشداریی کۆنفرانسێکی زانکۆی ییەڵی کردووە کە لەسەر دۆخی کورد بەڕێوە چوو وتی: هەرێمی کوردستانی عێراق هێشتا گرفتاری چەندین کێشەیە.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت گەورەترین گرفتی بەردەم هەرێمی کوردستان قەیرانی ئابوورییە و ئاماژەی دا بەوەی کە بڵاوبوونەوەی کۆڤیدی 19 کاریگەریی ڕووخێنەری لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: ساڵی پێشوو نرخی نەوت بەڕێژەیێکی بەرچاو داڕما و ئەمەش کاریگەریی زۆری لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو و هەروەها حکوومەتی ناوەندیی عێراق ساڵی ڕابردوو تەنها نیوەی پشکی هەرێمی لە بوودجەی عێراق ڕەوانە کرد و ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی خۆی لەسەر ناوچەکە داناوە.
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، کێشەیێکی گرنگی دیکەی هەرێمی کوردستان ناو دەبات و دەڵێت زۆرینەی ئاوارە عێراقی و سووریەکان هێشتا بۆ ناوچەکانی خۆیان نەگەڕاونەتەوە و لە هەرێمی کوردستان ماون.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش نەبوونی ئەمنییەت و ئاسایش لە ناوچەکانی خۆیانە.
ناوبراو وتیشی بوونی زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر حەشیمەتی 5 ملیۆن کەسیی ئەم ناوچەیەدا کاریگەریێکی قووڵی لەسەر دۆخەکە دروست کردووە و ڕێکخراوە ناحکوومییەکانیش نەیانتوانیوە بە ڕێژەی پێویست یارمەتیی ئاوارەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بدەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment