کوردپرێس:
ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربارەی بۆردوومانەكانی دەوڵەتی تورکیا لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: لەهەرشوێنێک پێشێلکاریی ئەنجام بدرێت، پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەریی خاكی عێراق، ئەگەر ئەو پێشێلکارییە لە هەرێمی كوردستان بێت یان لە باشوری عێراق یان لەهەر شوێنێکی دیکەی عێراق، مایەی نیگەرانییە، كە ئەم بۆردوومانانە بەردەوامی هەیە، پێشتر ئێمە لەلایەن پەرلەمانەوە باڵوێزی توركیامان لە عێراق ئاگادار كردووەتەوە و بانگهێشت كراون، هەم لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە، هەمیش لەلایەن لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها وتی: ئەوەی توركیا دەیكات كارێكی زۆر نایاساییە، پێویستە حكومەتی عێراق ئەم بابەتە لەگەڵ حكومەتی توركیا یەكلایی بكاتەوە، ڕۆژانە سەروەری خاكی عێراق پێشێل دەكرێت، ئەمەش جێگای قبوڵ نییە، جا چ بە پێی یاسا نێودەوڵتیەكان وە چ بە پێی یاسای نێوان هەردوو دەوڵەتەكە، دەبێت ئەم گرفتە یەكلابكرێتەوە، ڕۆژێك شەنگال و ڕۆژێك سنوورەكانی دهۆك و شارباژێر لە سلێمانی بۆردوومان دەكات، هەر سنوورێك بێت بۆ ئێمە یەكە، ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە.
دەربارەی ئەوەی چۆن دەکرێت، کە حكومەتی عێراق ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکارییانە ببێتەوە ناوبراو وتی: دەبێت حكومەتی عێراق دووبارە تورکیا ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئەم كارانە دووبارە نەبێتەوە، بەپێی زانیارەكانی من پەیوەندی لە نێوان عێراق و توركیا هەیە لە ئایندەیێكی نزیكدا ئەو پرسە دەبێت بكرێتە یەكێك لە سەرەكترین بابەتەكانی نێوان دانووستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، نابێت حكوومەتی عێراق ڕازی بێت بەوەی ڕۆژانە هاوڵاتییەكانی شەهید دەكرێن.
شایانی باسە تەنها لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک، پێنج هاوڵاتیی مەدەنی و دوو لقێکی پەکەکە لە سنووری شاری سلێمانی و دەڤەری برادۆست گیانیان لە دەست دا.
Your Comment