سەرۆککۆماری عێراق: بودجە و داهاتی عێراق بە ڕێژەی 70 لە سەد کەمی کردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح کە لە ڕێگای کۆڕبەندێکی تەلەڤزیۆنییەوە بەشداریی کۆبوونەوەی باڵای جیهانیی تایبەت بە کۆرۆنا کردبوو لە وتارێکیدا ڕایگەیاند داهاتەکانی وڵاتی عێراق لەم کاتە هەستیارەدا بە ڕێژەی 70 لە سەد دابەزیوە.

کوردپرێس:

بەرهەم ساڵح، ‏‎سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی پێنجشەممە 28ی ئاداری 2020 بەشداریی کرد لە کۆبوونەوەی باڵا سەبارەت بەدابینکردنی بودجە بۆ بەگژداچوونەوەی پەتای کۆرۆنا، لەسەر بانگهێشتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و جامایکا.

بەرهەم ساڵح لەبارەی داهات و بودجەی عێراقەوە دووپاتی کردەوە: پشتبەستنمان بە داهاتەکانی نەوت ئەوە دەگەیەنێت کە سەرچاوەی داهات و بودجەکەمان بە رێژەی 70% کەمی کردووە ئەگەر بەروارد بکرێت بە ئاستی پێش قەیرانەکە.

‏‎سەرۆک کۆماری عێراق لە وتەکەیدا کە لەرێگەی کۆڕبەندێکی تەلەڤیزیۆنییەوە پێشکەشی کرد راشیگەیاند، گۆڕینەوەی بیروڕا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لەسەردەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەرکێکی گرنگ و هەنووکەییە بۆ جیهان.

لە میانی ئەو کۆڕبەندەدا کە هەر یەک لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و جوزیبی کۆنتی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و دەیڤد مالباس، سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی و ژمارەیەکی دیکە لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان بەشداربوون، سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد بۆ ئەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە وەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی دەبینەوە ئاڵنگاریی گەورە و کتوپڕن، بەڵام دەکرێت ئەم ئاڵنگاریانە کەم بکرێنەوە بەو هەوڵە یەکگرتوو و زۆرەی کە داومانە کە بەشێک پێیان وایە ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە و لێگەڕێن هەر دەوڵەتێک چارەسەری کێشەی خۆی بکات سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەری ڤایرۆسەکە ناخۆییە، بەڵام قەیرانەکە قەیرانێکی جیهانییە، بۆیە پێویستی بە کاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە دەزانین کە ئەو رێگایە لە پێشمانە دوور و سەختە، بەڵام هیچ بژاردەیێکی دیکە جگە لە زاڵبون و سەرکەوتن لە بەردەممان نییە، بۆیە پێویستە بەو پەڕی گرنگی و تواناوە ئەو دەرەنجامانە بەدیبهێنین و ئەگەر واش نەکەین ئەوا لە بەردەم گەلەکەمان و بە تایبەتیش لاوەکانمان شەرمەزار دەبین".

News Code 178873

Your Comment

You are replying to: .
captcha