کوردپرێس:
ڕژۆی ڕابردوود کۆمپانیای جەنل ئەنرجی لە هەرێمی کوردستان لەبارەی داڕمانی داهات و ڕێژەی بەرهەمهنانی نەوتی ەەهرێمی کوردستانەوە هۆشداریی دابوو ئێستاش کۆمپانیای نەرویجیی دی ئێن ئۆ هەر لەو بارەیەوە هۆشداریی توندی داوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ئیمتیازی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییە گەورەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە و ئێستا لە کێڵگەکانی تاوگە و فیشخابوور و باشیک سەرقاڵی کارکردن و بەرهەمهێنانی نەوتی خاوە.
دی ئێن ئۆ لە بەیاننامەکەیدا لەبارەی دابەزینی سەرمایەدانان لە کێڵگە نەوتییەکانەوە هۆشداریی داوە و نووسیویەتی ئەگەر بێتوو کێڵگەی نوێ دروست نەکرێت هەر لە کێڵگەی تاوگەدا بە ڕێژەی 26 لە سەد بەرهەمهێنان دادەبەزێت.
ئەو کۆمپانیا نەرویجییە ڕاشیگەیاندووە ناچارە تێچوو مەسرەفەکانی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان و دەریای باکوور بۆ 640 ملوێن دۆلار دابەزێنێت و زیاترین دابەزاندنی مەسرەفەکانیشی پێوەندیی بە چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
دی ئێن ئۆ ئەوەشی زیاد کردووە کە دوو خاڵ بوونەتە سەرەکیترین هۆکاری دابەزینی ڕێژەی سەرمایەدانان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان: یەکەم ئەوەی حکوومەتی هەرێم قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایە خەرج ناکات و دووهەمیش پێوەندیی بە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هەیە.
دی ئێن ئۆ ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە تا ئەو کاتەی نرخی هەر بەرمیلێک نەوت نەگەڕێتەوە بۆ سەروو 50 دۆلار، هەرێمی کوردستان ناتوانێت قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەو کۆمپانیایە خەرج بکات و ئەوەش تا سەرەتای ساڵی 2021 دەخایەنێت.
شایانی باسە پێشتر ئێس ئێن پی گلوباڵیش لەبارەی دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هۆشداریی دابوو و نووسیبووی هۆکاری ئەو دابەزینە ئەوە نیە کە لە بەر سیاسەتی کاریی ئۆپێک ئەو کارەیان کردبێت بەڵکوو لەبەر ئەوە بووە کە نرخی نەوت دابەزیوە و عێراق و هەرێمی کوردستان توانای خەرج کردنی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانیان نیە.
Your Comment