کوردپرێس:
ئەمریکا و فەڕەنسا لە مانگی ڕابردوودا دیسان هەوڵەکانیان دەست پێکردەوە بۆ یەکخستنی دوو لایەنی سەرەکیی کوردەکانی سووریا کە بریتین لە پەیەدە و ئەنەکەسە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو بونەتەوە ئەم دانوستانانە ماوەیێکی زۆرە بە شێوەی ژێربەژێر دەستی پێکردووە.
ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتر بابەتەکە گفتوگۆیێکی لەگەڵ پڕۆفیسۆر یەزید سایق توێژەری باڵای کاروباری سووریا و کوردەکان لە پەیمانگای کارنگی کردووە.
سایق محەمەد بڕوای وایە ئەمریکا و فەڕەنسا لە پڕۆسەی نێوەندگیریی نێوان کوردەکان پەیڕەوی یەک ئامانج و مەبەستی هاوبەش دەکەن.
ئەو توێژەرە باڵایەی پەیمانگای کارنگی بە کوردپرێسی وتووە: بە ڕای من ئامانجی ئەمریکا لە پڕۆژەی یەکخستنەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا ئەوەیە پێگەی کورد لە دانووستانی سیاسیی ئایندەی سووریا بەهێز بکات و لەو دانوستانەدا کارتی کورد بەقازانجی خۆی بەکار بهێنێت کە لەو دانوستانەدا چەندین لایەن بەهێزی وەک ڕووسیا و سووریا و تورکیا بەشدار دەبن.
پڕۆفیسۆر یەزید سایق دەشڵێت: وادەردەکەوێت ئەم دەستپێشخەرییەی ئەمریکا و فەڕەنسا هۆکارەکەی ئەوە بێت کە دانوستانی نێوان لایەنە بەشداربووەکان بۆ بڕیاردان لە سەر ئایندەی سووریا هەر لە ئێستاوە دەستی پێکردبێت و یان خود لە ئایندەیێکی نزیکدا دەست پێبکات. هەر بەو هۆیەشەوە ئەمریکا و فەڕەنسا کەوتوونەتە جوڵە بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد لە سووریا.
توێژەری باڵای پەیمانگای کارنگی ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێشتریش هەردوو وڵاتی ئەمریکا و فەڕەنسا کاریان کردبوو بۆ یەکخستنی دوو لایەنی کوردیی پەیەدە و ئەنەکەسە بەڵام هەوڵەکان سوودیان نەبوو بۆیە ئەو چاودێرە دەڵێت ئەم هەوڵەی ئێستای فەڕەنسا و ئەمریکا زۆر جێی ئومێد نیە کە بگاتە ئەنجام.
ناوبراو لەو بارەیەوە بۆ کوردپرێسی ڕوون کردۆتەوە: "سەرکەوتنی ئەمریکا و فەڕەنسا لە پڕۆژەی یەکخستنی لایەنە کوردییەکانی سووریا بابەتێکی جیاوازە. من لەو قەناعەتەدا نیم کە ئەمریکا و فەڕەنسا لەم مەسەلەیەدا بە شێوەی پێویست ئیلتیزام بە بابەتەکەوە بکەن. سەرباری ئەوەش ڕەنگە ئەو دوو وڵاتە کارتی پێویستیان بۆ یەکخستنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات بە دەستەوە بێت.
پڕۆفیسۆر یەزید سایق دەڵێت ناکۆکی و ڕاجیاوازیی نێوان دوو لایەنی کوردیی سووریا زۆر قووڵە و زەحمەتە بتوانن کێشە جدییەکانیان وەلابنێن و چارەسەری بکەن. بۆیە دەشڵێت: وا دەردەکەوێت کە دوو لایەنی کوردیی سووریا ئامادە نین واز لە ناکۆکییەکانیان بهێنن و ناتوانن لە سەر یەک بنەمای هاوبەش بەگەنە ڕێککەوتن.
Your Comment