کوردپرێس:
فەرهاد تلۆ سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە سیاسەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا (ENKS) بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا (پەیەدە) کردووە و بە کوردپرێسی وتووە: ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لەبارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکراتی سووریا ڕەوتی مەعقوولی وەرنەگرتووە.
ناوبراو دەشڵێت ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا نیازیەتی تەنها گفتوگۆ لەگەڵ پەیەدە بکات و ڕێگە نادات حیزب و لایەنەکانی تر بەشداریی گفتوگۆکان بکەن.
سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا ئەوەشی بۆ کوردپرێس ڕوون کردەوە کە لە هەردوو دانوستانی خولی یەک و دووی دهۆکدا ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا داوای کرد حیزبەکانی تر بەشداریی گفتوگۆکان نەکەن بەڵام پەیەدە ئەوەی قبووڵ نەکرد.
ناوبراو لەو قەناعەتەدایە کە هەڵوێستەکەی ئەنەکەسە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستانی سووریا ناکات.
فەرهاد تلۆ لە کۆتاییدا ئەوەشی بە کوردپرێس وتووە کە لە کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا (tevdem) زۆر حیزب و قەباری سیاسی هەن و کەشی سیاسی تەنها بە دوو حیزب دروست نابێت و ئەنجومەنی نیشتمانییش پێویستە دەرک بەو مەسەلەیە بکات کە لایەنەکانی دیکەش هەست بە شەرعیەتی خۆیان دەکەن.
Your Comment