بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چەند ساڵێکە ئەرمەنەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان خوازیارن پەرلەمانی کوردستان وەک زۆرێک لە پەرلەمانی وڵاتە دیموکراسیەکانی جیهان، لەپێناو رێگەگرتن لەئەگەری دووبارە بوونەوەی کوشتار بەرامبەر بەکەمایەتیەکان و بەهێز کردنی پەیوەندی ئەرمینیا و کوردستان، جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەفەرمی بناسێنێت.
یروانت نیسان مارکۆس، پەرلەمانتاری پێشووی فراکسیۆنی ئەرمەنی لەپەرلەمانی کوردستان بەئاوێنەی راگەیاند کە لەئەوان شەش ساڵ لەمەوبەر لەسەدەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنیەکاندا پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردوە کە 39 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر کردوەو پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردووە بۆ ئەوەی جینۆسایدو کوشتاری ئەرمەنەکان بەڕەسمی بناسێت.
ئەو وتی "هەموو ساڵێک شەوی 23 لەسەر 24ی نیسان، لەکەنیسە ئەرمەنیەکانی دهۆکو زاخۆ رێوڕەسمی ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەکان دەکرێتەوەو مۆنیومێنتی جینۆسایدیش لەحەوشەی کەنیسەی ئەرمەنەکان لە دهۆک دانراوە".
یروانت ئاماژەی بەوە کرد کە خۆی یەکێکە لەپاشماوەی قەتڵوعام کراوەکانی ئەرمەن، ئەو وتی "باپیرم تەمەنی 9 ساڵان بوە کە لەتورکیاوە بەتەنها رویکردوەتە زاخۆو بنەماڵەیەکی جوامێری ئەو شارە داڵدەیان داوە.
وتیشی باپیرم بەتەنیا ئاوارە بوەو نەیزانیوە باوک و دایک و براو کەسوکاری چییان لێبەسەرهاتووە، تورکەکان کوشتیانن یان لەشەونخونیو برسێتی رێگای دوردا گیانیان سپاردوە، ئەو ونبونەی ونبون ئیتر جارێکیتر هەرگیز نەبینراونەتەوە.
ئەرمەنەکان لە هەرێمی کوردستان زۆربەیان لە دهۆک و زاخۆ نیشتەجێن و چوار کەنیسەیان لەوێ هەیە، کۆنترین کەنیسەیان لەزاخۆیە، لەدوای روداوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردو کە زیاتر لە150 خێزانی ئەرمەنی لە مووسڵ و بەغداوە رویانکردوەتە هەولێرو لەوێ دەژین، کەنیسەیەکیان دروستکردوە.
ئارام شاهین داود باکۆیان، پەرلەمانتاری پێشوی ئەرمەنیەکان لەپەرلەمانی کوردستان، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت کە بۆچی تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان جینۆسایدی ئەرمەنەکانی بەڕەسمی نەناساندوە لەکاتێکدا دەیان وڵات بەفەرمی ناساندویانە، ئەو وتی نازانم هۆکاری چییە، رەنگە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی توندوتۆڵی هەرێمی کوردستان بەتورکیاوە.
سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ئەرمەنەکان پێیانوایە کوردەکانی سوارەی حەمیدیە بەشداریان لەکوشتاری ئەرمەنەکاندا کردوە، بەڵام جوامێریی ئەو کوردانەش نادیدە ناگرن کە لەو رۆژگارە رەشانەدا ئەرمەنەکانیان پاراست، یروانت وتی "هەمیشە ئێمە ئەوەشمان لەبیرە کە کوردستان باوەشی بۆ کردینەوەو بابو باپیرانمان دیسان لێرەوە خۆیان پێگەیاند.
ناوبراو سۆز و خۆشەویستی خۆیان بەرامبەر بەدەوڵەتی ئەرمینیاش دەردەبڕێت، ئەو وتی "ئێمە ئەرمەنین و دڵسۆزی و خۆشەویستیێکی زۆرمان بۆ ئەرمینیا هەیە و بەشێک لەخزم و کەسوکارمان لەوێن.
وتیشی ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین کە پەیوەندی نێوان کوردستان و ئەرمینیا بەهێزتر بکەین و ئەرمینیاش کونسولخانەی لە هەولێر کردوەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment