کوردپرێس:
رۆژی پێنجشەممە، وێڕای بایكۆتی زۆربەی فراكسیۆنەكان، پەرلەمانی كوردستان، لە دەنگدان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چوار پەرلەمانتار، تەنیا پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت.
دوان لەو پەرلەمانتارانەی كە لەدانیشتنەكەدا دەنگ بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەریان نەدرا، عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان و شیرین ئەمین، پەرلەمانتاری ئەو فراكسیۆنە بون.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 45 كورسی پەرلەمانە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی كەمینە نەتەوەیی و ئایینییەكان و چەند پەرلەمانتارێكی كەم، توانوانیان نیسابی یاسایی تەواو بكەن بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەكەو وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لەو پەرلەمانتارەی كۆمەڵی ئیسلامی.
عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕنا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك لەوبارەیەوە، پارتی تۆمەتباركردوە بەوەی كە بەو كارەی دژایەتی ئەوانی كردوەو هۆكاری دژایەتییەكەشی رونكردۆتەوە.
عەلی حەمەساڵح وتویەتی"ئەمڕۆ ھەڵمەتێکی بێویژدانانە ھەیە لەسەر ئێمە .... بەشێکی لە نائاگایی و بەشێکی تری بە ئاگاییەوە دەیەوێ ببێتە بەشێک لە سینارێۆکەی پارتی."
جەختیشی كردۆتەوە"ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان کرا بەپلەی یەکەم بۆ دژایەتی و لێدان بو لە کەسایەتی ئێمە، ئەمەش باجی ھەڵوێست و چەند کارێکی ئێمە بو لە چەند مانگی پێشتردا بە ئاڕاستەی چاکسازی و شەفافیەت وەک ئەرکی خۆمان ئەنجامماندا."
ئەوەشی خستۆتەڕو"بەشاھیدی مامۆستا عەبدولستار مەجید، لە چەند رۆژی رابردودا ھەم ئێمەو ھەم خانەی ڕاپەڕاندن ھەوڵماندا ئەم بابەتی ھەڵگرتنی پارێزبەندییە نەھێندرێتە پەرلەمان، بەڵام دیار بو پارتی سورە لە سەر ھەڵوێستی خۆی!"
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشداوە"دواتر زۆر بەڕونی وتومانە: ئەگەر پارێزبەندی وەردەگیرێتەوە فەرمون لە ھەموی وەربگرنەوە، ئێمە نابینە بەشێک لە سیناریۆیێکی خراپ."
باسی لەوەش كردوە كە "نیوەی ئەوانەی بڕیار بو پارێزبەندیان لێوەربگیرێتەوە، بەبڕیاری پارتی دەرھێندران و نەخرانە بەرنامەی کار، ئەگەر ئێمە ڕێککەوتنی ژێر بەژێرمان ھەبوایە یان بچوکترین تەنازولمان کردبا، ناوی ئێمەش دەردەھێندرا. تەنانەت ویستیان ناوی شیرین ئەمین دەربکەن، بێمنەتانە وتی: ناوم دەرمەھێنن و منەتیشم نیە پارێزبەندیم لێوەربگرێتەوە."
جەختیشی كردۆتەوە"ئەمەی پارتی بۆ دروستکردنی ناکۆکی نێوان ئێمەو کۆمەڵ و دروستکردنی چەندین گومان و پرسیارە کە دەبێ لای هەمو کەسێكی هۆشیار یاریەکی ئاشکرا بێت. بەڵام خۆشبەختانە سۆران عومەر جوامێرانە لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ئاشکرایکرد کە ئەوە چ یاریەکی قێزەونە."
بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح دو ڕۆژە زۆر بەڕونی بە پارتییان وتوە: ئەگەر ئامانجتان شکاندنی ئێمە نیە، بێ منەتین و پارێزبەندی لە ئێمەش وەربگرنەوە، بەڵام دیارە سوربون لەسەر بڕیاری خۆیان، وەک ئەوەی چەند ئامانجێکیان ھەبێت.
عەلی حەمەساڵح، ئامانجەكانی پارتی لەو كارەی بەم شێوەیە ریزكردووە:
یەک: بیانەوێت ئێمە لەبەردەم رای گشتیدا بشکێنن.
دو: چاوشکێنمان بکەن بۆ ئەو ھەڵوێست و دۆسیانەی چوار مانگە ئیشی لەسەر دەکەین.
سێ: نیگەرانی پارتی لەنزیکبونەوەی گۆڕان و یەکێتی، کە ئێمە باوەڕمان بەم نزیکییە ھەبوەو پشتیوانیمان کردوەو بەکارێکی دروستمان زانیوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئێمە زۆر بەڕونی چی گەندەڵی نەوت و سەرجەم خاڵی سنوری و بانک و کۆمپانیاکانمان دیاری کردوە، کە پێشوتر ئەم وردەکاریە نەکرابو، وتومانە چۆنەو کێ دەیکات."
هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"زۆر بەڕونیش وتومانە: گۆڕان دەبێت بە ڕێککەوتن و پەیوەندیەکانی لەگەڵ پارتیدا بچێتەوە، ناکرێت ئێمە لەم حکومەتەدا بەشداربین و ئەم گەندەڵی و تاڵانیە ھەبێت و چارەسەریش نەکرێت، ھەر بگوترێت بڕیاردراو جێبەجێنەکرا! گۆڕان و خەڵکی کوردستانیش زەرەرمەندن لەم شێوە بەشداریە."
جەختیشی كردۆتەوە"زۆر بەدڵنیایی پاش ئەو سیناریۆ ناشرینەی ئەمڕۆ کرا، ھەڵوێست و قسەی ئێمە لەمەودوا شتێکی دیکە دەبێت."
لەكۆتاییشدا وتوویەتی"ھەرکەسێکیش بیەوێت زیاتر لەبارەی ھەڵوێستەکانی ئێمە دڵنیابێت، ھیواداراین بەبێ بڕیاری پێشوەخت پرسیاری ھەڵوێستی ئێمە لە پەرلەمانتاران و سەرۆک فراکسیۆنەکان بکات. ئێمە لە دژایەتی ئەو ئەجێندا مەترسیدارانە بەردەوام دەبین."
*لە ماڵپەڕی ئاوێنە وەرگیراوە
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment