جگە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەس یارمەتیی کوردستانی سووریای نەداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی کۆمیتەی تەندروستیی کانتونی جزیرە ئاماژەی بە پرسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستانی سووریا دا و ڕایگەیاند: جگە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەس یارمەتیی کوردستانی سووریای نەداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دکتۆر منال محەمەد، هاوسەرۆکی کۆمیتەی تەندروستیی کانتونی جزیرە باس لە کێشەی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە باکووری سووریا دا و وتی: «کاتێک کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا تەشەنەی سەند هەموو پلانەکانی ئێمە بۆ ڕێگری کردن لە گەیشتنی کۆرۆنا بۆ ناو وڵات بوو. بەڵام کاتێک یەکەم کەیسی تووشبوو لە ناوچەکە تۆمار کرا ئێستا تەرکیزمان کردۆتە سەر ڕێگری کردن لە زیاتر بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسەکە. ئەولەویەتی ئێمە پاراستنی تەندروستیی پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە کوردستانی سووریایە».

لەمبارەوە KRDnews، دەنووسێت: دکتۆر منال محەمەد لە درێژەی وتەکانیدا ڕەخنەی لە حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی گرتووە بە بۆنەی پشتگوێ خستنی کوردستانی سووریا لەپرسی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستانی سووریا نەبینرابوو. ئەم ڤایرۆسە بە ئەنقەست هێنرایە ناوچەکە. بەرپرسیارێتی هاتنی ئەم ڤایرۆسە بۆ کوردستانی سووریا لە ئەستۆی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و حکوومەتی ناوەندیی سووریایە؛ تەنها هەرێمی کوردستانی عێراق بە ناردنی کەرەستە و ئامێری پێویستی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و PCR یارمەتیی ئێمەی داوە. جگە لە هەرێمی کوردستان هیچ کەس و لایەنێک یارمەتیی کوردستانی سووریای نەداوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168601

Your Comment

You are replying to: .
captcha