بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئومێد خۆشناو لەمیانی نووسینێک دەڵێت: چاوی هەمووان لەسەر گەرمترین هەواڵەکانی بەغدایە، قەدەری ئێمە وایە لەوەتەی بیرمان دێت، هەر شاندەو دەچێتە بەغدا و چەند ساڵ جارێک شەڕ، ئاشتی، گفتوگۆ، پیلان و پلان، ڕێکەوتن و پەشیمان بوونە، خیانەت و خەنجەر وەشاندن لە پشتڕا، بۆتە بەشێک لە ژیانمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هەروەها دەڵێت: لەساڵی ٢٠١٤ لە نێو پڕۆسەیێکی تازەی نان بڕین و دەستبردن بۆ قووتی خەڵکی کوردستانین، ئەمەش تازەترین داهێنانی حوکمڕانانی نوێی بەغدایە، ئەوەی دوێنێ ئەنفالی کردین ئامانجی وابوو نەمانهێڵێ، ئەوەی ئێستاش نانمان دەبڕێ هەر مەبەستیەتی نەمانهێڵێ، بەڵام دوێنێ ماین و بەیانیش هەر دەمێنین.
ناوبراو باسی لەوەش کردووە، کە پرسیار ئەوەیە ئەگەر ڕێکەوتنی ڕابردوو جێبەجێ نەکراو ڕێکەوتنی نوێش نەکرا، چ بکرێ باشە؟ باشترین بژاردە ڕێکەوتنە، بەڵام ئەگەر نەکرا لەو باشتر بڕیاری جەماعی و یەکڕیزی تەواوی لایەنەکانە و کشانەوەیە لە پڕۆسەی سیاسی عێراق و جێهێشتنی بەغدایە لەلایەن سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆک وەزیران و تەواوی وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و تێکڕای نوێنەرانی کوردستان هاتنەوەیانە بۆ کوردستان .
ئومێد خۆشناو هەروەها جەختی کردووەتەوە، کە ئەو دەم لەلایێک هەڵوێستی گشتیی هەموو لایێک و تۆخ کردنی گیانی تەبایی و یەکڕیزی دەبێ و ئەوەش لای خەڵکی کوردستان پەسند و جێگای ستایشە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ئەوەش دەڵێت: لەلایێکیتر هەڵوێست وەرگرتنە و فشارێکیش دەبێ لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و ئایندەی عێراق و پەیامێکیش دەبێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت بۆ ئەمریکا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment