بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو دیدارەدا سەرۆک کۆماری عێراق، وێڕای خۆشحاڵی بەدیداری شاندی ھەرێم، جەختی لەوە کردووە، پێویستە ئیدی ھەموو ھەوڵەکان بەئاقاری زوو چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان بێت لە نێوان بەغدا و هەولێر و پەلەش بکرێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەکان، ھاوکات باسی لەوەش کرد ناکرێت پرسی مووچە و بودجە و قوتی خەڵک تێکەڵ بەمیزاج و وابەستەی ململانێی سیاسی بکرێت.
هەروەها سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە، پێویستە لەڕێگای دانوستاندنێکی جددی و یەکلاکەرەوە ھەرچی زووە لەسۆنگەی دەسپێشخەری و گیانی لەیەکتری تێگەیشتنی تەواو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەژێر ڕۆشنایی دەستوور و یاسا بەرکارە نیشتیمانییەکاندا یەکلایی بکرێتەوە، بەتایبەت کێشەی داهاتوو و یاسای نەوت و گاز، لەسەرووی ھەمووشیانەوە مووچە و قوتی خەڵک و فەرمانبەران.
لەم پێناوەدا، بەرهەم ساڵح، بەڕاشکاوی بەشاندی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند گرنگە ھەردوولا لەسۆنگەی پەرۆشی بۆ ماف و مووچە و بژێوی و خزمەت کردنی شایستە بەھاوونیشتمانیان، پەنجە بخەنە سەر برینەکان و دوور لە بێنە و بەردەی سیاسی و ئیجتیھاداتی کەسی، ھەوڵ بدەین چارەسەری ریشەیی و دەستووری بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و فەرمانبەران و ھاوونیشتمانیان لەم دوو دڵی نەھامەتی و دڵەڕاوکێیە دەرباز بکرێن.
بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستانیش بەرهەم ساڵح ڕایگەیاند ئێستا ئەو پرسە کێشەیێکی ھەنووکەیی دژوارە و پێویستی بەچارەسەری کردەیی دەستوبرد هەیە.
لەم ڕووەشەوە سەرۆک کۆماری عێراق بۆ شاندی ھەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە، گرنگ و پێویستە بەشێوەیێکی شەفافانە پرسی تەسوییەی دارایی لە سەرانسەری عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بەڕیوەبچێت، کە بەپێی دەستوور و یاسای بوودجە ڕێوشوێن و میکانیزم و چوارچێوەی ماف و بەرپرسیارییەکانی بۆ دانراوە، ھاوکات ئەوەشی ڕاگەیاند، مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک سەرجەم هاووڵاتییانی تری عێراق مافێکی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی جیاوازییەکان و ناکۆکی و دەرھاویشتە سیاسییەکانەوە و دەستی بۆ ببرێت، چوونکە ئەوە مافێکی دەستووریی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانە وەک سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق.
سەرۆک کۆماری عێراق پشتیوانیی خۆشی بۆ هەوڵی شاندەکەی هەرێم لە بەغدا و چارەسەری کێشەکان دووپاتکردەوە و باسی لەوەش کرد، دۆخی ئابووریی جیھان و عێراق و ھەرێمیش گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، ئەمەش وا دەخوازێت بەزوویی پێداچوونەوە بە دۆخی دارایی بکرێت و هەوڵەکان بۆ چاکسازی لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان چڕ بکرێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment