کوردپرێس:
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 26-4-2020 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، له ته‌لاری سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ھه‌ولێر، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی وه‌فدی دانوستانكاری هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عیراق كۆ بوویه‌وه.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ی دواپێشھاته‌كان و ده‌رئه‌نجامه‌كانی دوایین سه‌ردانی وه‌فدی حكوومه‌تی ھه‌رێم بۆ به‌غدا كرا.
له سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی دانوستانكار ده‌رئه‌نجامی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا و دۆخی دارایی ئێستای عیراقیان خسته‌ڕوو. شانده‌كه ئاماژه‌یان به‌وه‌دا داهاتی نه‌وتی عیراق به رێژه‌یێكی زۆر دابه‌زیوه و كورتهێنانێكی زۆر گه‌وره له نێوان داهات و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی فێدرالیدا دروست بووه. باسیان له‌وه‌شكرد به‌هۆی ئه‌م كورتهێنانه‌وه له به‌غدا فشاری سیاسی هه‌یه بۆ شكستهێنان به لێكگه‌یشتنی پێشووی نێوان ھه‌رێم و به‌غداد.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند: ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ت پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیان و دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانه، بۆیه ھه‌موو ھه‌وڵێك ده‌ده‌ین و درێژه به ھه‌وڵه‌كانیشمان ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی خه‌ڵك دابین بكه‌ین و ته‌ندروستییان بپارێزین، هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه شكست به‌و ھه‌وڵانه ده‌هێنین كه ئامانج لێیان زه‌وتكردنی ماف و شایسته داراییه‌كانی ھاوڵاتیانی ھه‌رێمی كوردستانه.
قوباد تاڵه‌بانی راشیگه‌یاند: كه ده‌بێت به‌و په‌ڕی شه‌فافیه‌ته‌وه به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندیدا بین له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی به‌غدا و فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مانی عیراق.
له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به وه‌فدی دانوستانكاری راگه‌یاند: ده‌بێت به‌ئاشكرا و به شێوازێكی شه‌فافتر زانیارییه‌كان و دواپێشھاته‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان ڕوون بكرێته‌وه. ھه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاره ئه‌مڕۆ شاندی دانوستانكار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان و فراكسیۆنه‌كان كۆ ببێته‌وه.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment