کوردپرێس: بەڕێوەبەری هەرێمیی رێکخراوەکە لەبارەی ئامانجی هاوکارییەکان رایگەیاند: تەندروستیی جیهانی بەرنامەیێکی گشتی بە بڕی 35 ملیۆن دۆلار راگەیاندووە و ئامانج لێی زیاترکردنی ئامادەکارییەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە لە 8 ناوچەی باکووری رۆژئاوای سووریا.
مەحموود زاهیر، بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەرنامەکە لەلایەن تیمێکی رێکخراوەکە چاودێری دەکرێت کە لە 15 کارمەند پێکهاتووە.
بەپێی زانیارییەکانی تەندروستیی جیهانی، لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، 306 ناوەندی تەندروستی هەن لەلایەن 57 هاوبەشی پزیشکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بەڕێوەدەبرێن کە تێیدا 203 ئامێری هەناسەدانان و 347 قەرەوێڵە لە ناوەندە تەندرووستییەکاندا هەن.
لەبارەی دۆخی پزیشکی لە ئەو ناوچانە، مەحموود زاهیر ئاماژە بەوە دەکات، هەموو 10 هەزار دانیشتوویێکی ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، تەنیا هەشت کارمەندی تەندروستیان بەردەکەوێت، ئەوەش بە گوتەی زاهیر، لەژێر پێوەرە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکانە.
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 42 کەس لە سووریا تووشی کۆرۆنا بوون و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەست داوە. هاوکات شەش کەسیش چاک بوونەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment