پەکەکە و ژیۆستراتیژی زینی وەرتێ/محەمەد چاوشین

بەشی تورکیا- پارتی، یەکێتی و پەکەکە، لەسەر نیشتەجێ کردن و دروست کردنی بنکەیێکی سەربازی لە زینی وەرتێ، خەریکن شەڕێکی ناوخۆیی وەڕێ دەخەن لەم نێوانەشدا زینی وەرتێ بۆ پەکەکە هەستیارترە.

کوردپرێس:

ھەرسێ لایەنی پارتی، یەکێتی، پە کە کە، لەسەر نیشتەجێ کردن و دروست کردنی بنکەیێکی سەربازی لە زینی وەرتێ، خەریکن شەڕێکی ناوخۆیی وەڕێ دەخەن!، شەڕێکی ناوخۆیی کە پێشتریش کورد دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم کردووە و زیانێکی کەمەر شکێنی لە جەستەی نەتەوەیی داوە و ھەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە!.

بەداخەوە، لەناو جوگرافیای بیرکردنەوەی ئەو ھێزانەدا، ئەوەندەی عەقڵی شەڕ و پێکدانان بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە و ئاریشەکان باڵادەستە، نیو ئەوەندە عەقڵی سالم و لۆژیکی بوونی نییە!.

وەک دەڵێن: ئەوەندەی لەناو خەیاڵدانی ئەو ھێزانەدا "لۆژیکی ھێز" باڵادەستە، ئەوەندە "ھێزی لۆژیک" بوونی نییە!، ئەوەیش بنەمای ئاڵۆزبوونی کێشە و گرفتەکانە لەناو ئەو ھێزانەدا.

بەڵام پرسارەکە ئەوەیە:

"زینی وەرتێ" کوێیە و چییە و بۆچی ئەو ھێزانە ئامادەن ململانێیەکی پڕ لە کێشمەکێش و ئاڵۆزی لەسەر ئەنجام بدن کە کارەکە بگاتە ئاستی ھەڵگیرسان و پێکدادانی شەڕێکی ناوخۆیی؟

ئایا "زینی وەرتێ"ئەوەندە دەھێنێ ئەو ھەموو ململانێیەی لەسەر بکرێت؟

ململانێی ھەر دوو لایەنی یەکێتی- پارتی لەسەر "زینی وەرتێ" کەم تا زۆر ئاسایی و پێشبینیکراون، بەڵام بۆچی لەو نێوەدا حەساسییەت و ھەستیاریی پەکەکە-یش ھاتۆتە ناو باسەکانەوە و پەکەکە دەیەوێ باڵادەستیی خۆی بەسەر "زینی وەرتێ"دا بسەپێنێت؟

پەکەکە لەو نێوەدا لە سەرجەم ھێزەکانی دیکە یەکێتی- پارتی ھەستیار ترە. ھەستیاری و حەساسییەتی پەکەکە-ش بەو دۆخە، دەکرێ پەيوەندییێکی زۆری بە کەشوھەوای ژیۆستراتیژیکی ناوچەیزینی وەرتێوە ھەبێت کە پەکەکە ییری لێ دەکاتەوە و و تەنانەت ئامادەگی ئەوەی تێدایە کە بە "چنگ و ددان" پارێزگاری لەو شوێنە بکات.

لەلایێک "زینی وەرتێ"پردی پەیوەندیی بەشێکی زۆری سنووری نێوان پارێزگای ھەولێر - قەندیلە، لەلایێکیش دەروازەیێکی گرنگی پەیوەندی قەندیل و سنووری دەروازەی ئیدارەی ڕاپەڕین و سلێمانییە.

پەکەکە لە ئێستا و لە داھاتووشدا دەیەوێت ڕێگە و سنوورەکانی چیای قەندیل لەگەڵ ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان بە کراوەیی بھێڵێتەوە. بۆئەوەی پێویستییە لۆجیسنییەکانی خۆی لەھەر کەندوکۆسپێک بپارێزێت و ئاستەنگەکان ڕابماڵێت.

لە ئەگەری گیرانی ڕێگای "زینی وەرتێ"، پەکەکە مەترسییێکی گەورە لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەبینێت:

یەکەم: دەروازەیێکی گرنگی ھاتووچۆی قەندیل و سنووری پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بەڕووی پەکەکە-دا دادەخرێن. بەمەیش پەکەکە ئاستەنگێکی گەورەی دەکەوێتە بەردەم و ناتوانێ بە ئاسانی پێویستییە لۆجستییەکانی خۆی دابین بکات.

دووەم: "زینی وەرتی"، ناوچەیێکی ستراتیژییە و بەسەر بەشێکی زۆری دەروازە سەرەکییەکانی چیای قەندیل دا دەڕوانێت کە پەکەکە بە شوێنی نیشتەجێ بوون و پشتی دواوەی بەرەکانی شەڕ و نیشتیمانی سەرەکی خۆی تەماشای دەکات.

ئەگەر"زینی وەرتێ" لە کۆنتڕۆڵ و چاودێری گەریلاكانی پەکەکە دەربچێت، ئەوا نیشتیمانی قەندیلیش کە پەکەکە نیمچە حکوومەتێکیان لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە، دەکەوێتە بەر ھەڕەشە و مەترسی لەناوچوونەوە!.

سێھەم: بەشێکی زۆری ناوچە جیاوازەکانی سنووری "زینی وەرتێ" بەسەر جموجۆڵی دیوی ناوەوەی ناوچەکانی بناری قەندیلدا دەڕوانێت، بەمەیش دەتوانرێ لەو شوێنانەوە ھەرچەشنە جموجۆڵێکی گەریلاکانی پەکەکە بکەوێتە ژێر چاودێری ئەو ھێزەی باڵادەستی بەسەر زینی وەرتێدا ھەبێت.

ھەربۆیە، پەکەکە بە گیان و دڵ دەیەوێت پارێزگاری لەو شوێنانە بکات کە بۆ ئەوان بە ناوچەیێکی ژیۆستراتیژیک ئەژمار دەکرێت و بەھیچ چەشنێک ئامادە نییە سازش لەسەر ئەو شوێنە بکات، شوێنێک کە دەروازەیێکی گرنگی بەیەکەوە بەستنەوەی قەندیل و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168466

Your Comment

You are replying to: .
captcha