بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دوای کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی ئەم دوایەی زینی وەرتێ رایگەیاند بەرەو چارەسەر دەچین و کێشەیێکی ئەوندە گەورە نین. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە، دەبێت یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین.
راشیگەیاند، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە دەکەین و یەکێتی هاوبەشی پارتییە لە حکوومەتی هەرێم.
نێچێرڤان بارزانی گووتی، ئەو هێزەی چووەتە زینێ وەرتێ کاتییە و ئەو کاتەی ئەرکیان تەواو بوو دەگەڕێنەوە.
بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراقیش، سەرۆکی هەرێم دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان پشتگیری لە مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکات.
لەبارەی هاوکاری کردنی کوردستانی سووریا ناوبراو رایگەیاند، هاوکارییەکانمان مرۆیین چوونکە دەزگای پشکنینی کۆرۆنا لەو ناوچەیە نەبووە.
سەبارەت بە دەنگۆی ناردنی پێشمەرگەیێکی هێزی رۆژ بۆ لیبیا، سەرۆکی هەرێم گووتی، ئەو کەسە هیچ پەیوەندییێکی بە هێزی پێشمەرگە و هێزی رۆژ نییە، بەداخەوە ئەو بابەتە زۆر گەورە کرا. ئێمە نە کەس دەنێرین بۆ لیبیا و نە کێشەی لیبیا، کێشەی ئێمەیە.
هەروەها، لەسەر دۆخی ئابووری، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت و ئەو دۆخەی ئێستا، بە دڵنیایی کاردەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. ئێمە خەریکی ناردنی نامەیێکین بۆ پەرلەمان و حکوومەتی عێراق، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی دۆخی ئێستا تووشی زیان بوون.
لەبارەی هەڕەشەکانی پەکەکە، ئاماژەی بەوەدا، پەکەک هیچ شەرعیەتێکی نییە لە هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان شوێن کار و چالاکی پەکەکە نین، چوونکە ئێمە ئێستا بەشێکین لە عێراق و دەمانەوێت ببینە جێی سەقامگیریی ناوچەکە نەک لێرەوە هێرش بکرێتە سەر دراوسێکانمان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment