پاش یەک مانگ یەکەکانی وەبەرهێنان لە هەولێر دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی وەبەرهێنانی هەولێر رایگەیاند كە پاش وەستانی پڕۆژەکان، جارێکی تر جووڵەی پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەست پێدەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر بە باسنیوز-ی ڕاگەیاند دوای زیاتر لە مانگێک وەستانی کار لە پڕۆژەکان، جووڵەی وەبەرهێنان دەست پێدەکاتەوە.

ناوبراو گوتیشی "بەهۆی بڕیارە تازەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، لە هەفتەی داهاتووەوە جووڵەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەست پێدەکاتەوە".

سامان عارەب هەروەها ڕوونی کردەوه لەم هەفتەی دابێت، بەشێک لە پڕۆژە وەستاوەکان دەست پێدەکەنەوە، گوتیشی چەندین وەبەرهێنەر پەیوەندیان کردووە بۆ ئەوەی میکانزمێک بدۆزرێتەوە تا کرێکارەکانیان بچنەوە سەر کار و کەرەستەکانیان بگوازرێنەوە، بۆ ئەوەش ئاسانکاری باش کراوە و جولە دەست پێدەکاتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر هەروەها گوتی "لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ 35 هەزار هەلی کار لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان لە دەست دراوە، کە نزیکەی 17 هەزار هەلی کاریان لە هەولێر بووە، لەو هەفتەیە بەشێکی پڕۆژەکان دەست بەکار دەبنەوە و هەلی کار دەبوژێتەوە".

سامان عارەب ئاشکراشی کرد قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەولێر تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ژمارەی مۆڵەتی پڕۆژەکانیش 465 مۆڵەتی تێپەڕاندووە.

هەروەها گوتی چەندین پڕۆژەی نوێیان پێشکەش کراوە بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ نەتواندراوە مۆڵەتیان پێ بدرێ، 10 پڕۆژەی پیشەسازی و بازرگانی و هۆتێلیش هەن هەموو کارەکانیان تەواو بووە تەنها مۆڵەتدانیان ماوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 168402

Your Comment

You are replying to: .
captcha