په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى ئه‌نفالدا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى سى و دوو ساڵه‌ى شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفالدا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، هه‌ر وه‌ك چۆن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفاله‌كانى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند، داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و تاوانكارییانه‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت

کوردپرێس:

ده‌قى په‌یامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی ئەنفالەوە‌:

له‌ یادى سى و دوو ساڵه‌ى شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفالدا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و قوربانییانه‌ به‌بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ له‌و تاوانكارى و جینۆسایده‌دا گیانیان به‌خشى و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانى پاكى ئه‌وان و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان داده‌نوێنین، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان.

ئه‌نفال یه‌كێك له‌ سامناكترین و دڕه‌نده‌ترین تاوانه‌كانى مێژووه‌ كه‌ ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و پیرى نه‌ناسیوه‌ و بێباكانه‌ هه‌مووانى پێكه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌رگى به‌كۆمه‌ڵ ڕاپێچ كردووه‌، هه‌روه‌ها ژینگه‌ و ئاوه‌دانى ته‌خت كردووه‌ و هه‌موو شوێنه‌وارێكى ژیانى سڕیوه‌ته‌وه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌ى به‌عس بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ته‌نیا له‌ شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالدا زیاتر له‌ (180) هه‌زار هاووڵاتیى كوردستان گیانیان سپارد و كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵ كران، جگه‌ له‌ وێرانكردنى هه‌زاران دێهات و ده‌یان شارۆچكه‌ى كوردستان.

له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆ یادى ئه‌و ئازیزانه‌ و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ به ‌هیچ شیوه‌یه‌ك ڕێگه‌ نه‌درێت جارێكى دیكه‌ نه‌ گه‌لى كوردستان و نه‌ هیچ گه‌ل و ملله‌تێكى دیكه‌ى سه‌رزه‌مین، ڕووبه‌ڕووى ئه‌و تاوانكارى و جینۆسایده‌ ببنه‌وه‌، ده‌بێ ده‌وڵه‌تى عێراقیش وه‌ك ئه‌ركى یاسایى و ئه‌خلاقیى خۆى، ئاوڕێكى جددى له‌ كه‌سوكارى قوربانییان بداته‌وه‌ و قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌.

هه‌ر وه‌ك چۆن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفاله‌كانى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند، داواكارین كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌و تاوانكارییانه‌ به‌ جینۆساید بناسێنێت، له‌م پێناودا به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بین بۆ دۆزینه‌وه‌ى ڕوفاتى شه‌هیدان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ ئامێزى نیشتمان.‌

له‌م یاده‌دا دروود بۆ گیانى شه‌هیدان كه‌ هه‌میشه‌ له‌ یاده‌وه‌ریى گه‌لى كوردستاندا به‌ زیندوویى ده‌مێننه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

14/4/2020

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 168355

Your Comment

You are replying to: .
captcha