کوردپرێس:
ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی دەروازە نێودەوڵەتییەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخانی کردووە، رەزامەندیی نیشان داوە لەسەر ئەنجامدانی بازرگانیی سووتەمەنی لە دەروازەکاندا بەشێوازی تانکەر بە تانکەر لە رێگەی ترومپاوە، ئەمەش بە رەچاوکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزیی تەندروستی و بەریەکنەکەوتنی ئەوانەی کارەکە دەکەن.
نووسراوەکە ناو و واژۆی وەزیری داراییی بەسەرەوەیە بە ژمارە 175 لە 12-4-2020 کە لە نووسینگەی وەزیری داراییەوە دەرچووە و تێیدا باس لەوە کراوە، ئەو رەزامەندییە بۆ پاراستنی ئازادیی کاری بازرگانی و رێگرتن لە قۆرخکارییە بە جێبەجێکردنی ئەم مەرجانەی خوارەوە:
یەکەم: پرۆسەی تانکەر بە تانکەر پرۆسەیەکی ئازادە و بە رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازە و بە جێبەجێکردنی مەرجە یاساییەکان و رێنماییە تەندروستییەکان و مەرجەکانی ئاگرکوژێنەوە و سەلامەتی، رێگە دەدرێت؛ بۆ هیچ کۆمپانیا و بازرگان و تاکە کەسێکیش قۆرخ ناکرێت.
دووەم: هەر کۆمپانیا و بازرگانێک ترومپای تایبەت بە خۆی هەیە و دەتوانێت بەکاریبهێنێت و هیچ کرێیەکی لێ وەرناگیرێت.
سێیەم: نرخی پرۆسەی تانکەر بە تانکەر نابێت لە 30 هەزار دینار زیاتربێ بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە ترومپای خۆیان نییە.
چوارەم: ئەم پرۆسەیە کاتییە و تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی سووتەمەنیی تانکەر بە تانکەر و لە رێگەی ترومپایە، بە تەواوبوونی پەتای کۆرۆنا کۆتایی دێت.
پێنجەم: حکومەت لە بەرامبەر پرۆسەی تانکەر بە تانکەر هیچ وەرناگرێت، بۆیە کۆمپانیا و بازرگانەکان و تاکەکەس هیچ مافێکیان نامێنێت و ناتوانن داوای قەرەبووی هیچ خەرجییەک بکەنەوە.
شەشەم: کۆمپانیا و بازرگانەکان خۆیان بەرپرسیار دەبن لە سەرجەم کەس، ئامێر و ئۆتۆمبێلەکان و هەر شتێکی دیکە، کە لە گۆڕەپانەکەدا لە ئەنجامی پرۆسەی تانکەر بە تانکەر تووشی هەر زەرەر و زیانێک بێت.
Your Comment