کوردپرێس:
ڕۆژنامەی بیرگۆنی تورکیا نووسیویەتی ئەحمەد شیکی پەڕلەمانتاری هەدەپە لە پەڕلەمانی تورکیا وتاری پێشکەش دەکرد کە چەند پەڕلەمانتارێکی ئاکپارتی هێرشیان کردە سەری و نەیانهێشت قسە بکات.
ئەحمەد شیک لە بارەی یاسای نوێی دژەتیرۆرەوە قسەی دەکرد کە هەندێک گۆڕانکاریی تێدا کراوە.
ناوبراو وتبووی: ناچمە ناو باسی ڕەهەندی دەستووریی یاساکەوە کە ئێمە پەسەندتان کردووە لەبەر ئەوەی ئەو یاسایەی تێتان پەڕاندووە و ئەو مەشرووعییەتەی دەیدەن بە حکوومەتەکەتان یاسایی نییە. پێتان وایە بۆ ئەبەد دەسەڵاتتان بەدەستەوە دەبێت بۆیە یاسا و مەرجەعی دادتان کردۆتە چەک و چەکداری خۆتان. ئەوەش نە یەکەم جارە لە ئێوە دەوەشێتەوە نە دوایین جاریش دەبێت. ئەو پڕۆژەیەی خستووتانەتە بەردەست ئێمە تەنها کاریکاتۆێکی منداڵانەیە لە کوودتاچییەکان.
ناوبراو زیادی کرد: سیاسەتی توندئاژۆییتان پەرەپێداوە و لە ڕێگای درێژ کردنەوەی دۆخی نائاساییەوە دەتانەوێت مەشرووعیەتی زیاتر بە ویلایەتی بێدادیی خۆتان بدەن و ئەوەش ڕەفتارێکی ئەوەندە غەریب نییە کە لە ئێوە دەوەشێتەوە. هەڵمەتێکی خوێنین کە 250 قوربانیی لێکەوتەوە بە لوتفی ئیلاهی وەسف دەکەن. ئەوانەی ئیدعا دەکە بەرپەرچی کوودەتاچییەکانیان داوەتەوە هەمان ئەو کەسانەن کە چوارپەلیان هەڵواسراوە بە یاسای کوودەتاوە.
بەو قسانەی ئەحمەد شیکەوە پەڕلەمانتارەکانی ئاکپارتی هێرشیان کردە سەری و نەیانهێشت درێژە بە قسەکانی بدات.
Your Comment