نێچیرڤان بارزانى و یان كۆبیش کۆ بوونه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانى و كۆبیش کۆ بوونه‌وه‌ و له‌ دیداره‌که‌دا باس له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و به‌تایبه‌تی گرژییه‌كانی باشووری عێراق كرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 23/7/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ یان كۆبیش، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بۆ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌‌كه‌دا باس له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و به‌تایبه‌تی گرژییه‌كانی باشووری عێراق كرا و كۆبیش جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ده‌ست به‌ دیالۆگی جیددی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن و به‌ده‌م داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانه‌وه‌ بچن و جه‌ختیشی له‌ ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌و گفتوگۆیانه‌ و به‌شداری كردن له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقدا كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ی به‌ پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و پرۆسه‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست كرد كه‌ كۆتایی هاتوووه‌ و به‌ پێویستی زانی دادگای فیدرال بڕیاری خۆی له‌سه‌ر دوائه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بدات و په‌سه‌ندی بكات تا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان زیاتر بپرژێنه‌ سه‌ر گفتوگۆی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت.

بارزانی ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانى بۆ هه‌ر هاریكارییێک له‌مباره‌یه‌وه‌ نیشان دا تاكوو سه‌قامگیری بۆ عێراق بگه‌ڕێته‌وه‌ و داواكاریی خۆپیشانده‌ران له‌ چوارچێوه‌ی پرۆگرامی حكوومه‌ت له‌ ئێستا و داهاتوودا جێگیر بكرێت و چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

تاوتوێ كردنی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16805

Your Comment

You are replying to: .
captcha