کوردپرێس:
بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی ڕۆژی 4ی حوزەیران لە نێوان ئەمریکا و تورکیا واژۆ کرا دەبێت هێزی کوردی یەپەگە مەنبەج چۆڵ بکات و میلیشیای ئیسلامیی سەر بە سوپای تورکیا جێی هێزی کوردی بگرێتەوە.
ئاژانسی سپۆتنیک لە زاری میدیایێکی سەر بە دەوڵەتی سووریا وتوویەتی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هاووڵاتییان پێیان باشترە دەوڵەتی سووریا کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات نەک میلیشیای سەر بە تورکیا.
سەرچاوەکان بە ڕۆژنامەی وەتەنیان وتووە بەرپرسانی مەنبەج و زۆرینەی هاووڵاتییانی ناوچەکەش حەز دەکەن لەجیاتی تورکیا، هێزی سەر بە دەوڵەتی مەرکەزیی سووریا کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات چوونکە بڕوایان وایە تورکیا بەنیازە هەر وەکوو عەفرین، لە مەنبەجیش هاووڵاتییە کوردەکان دەر بکات.
سەرچاوەکان وتوویانە ئێستا گفتوگۆی نێوان ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لەگەڵ دەوڵەتی سووریا لەو بارەیەوە بەردەوامە و ڕووسیاش لەو دانووستاندنە ئاگادارە.
سەرچاوەکان هەروەهاش وتوویانە ڕووسیا بۆ جێبەجێ کردنی خواستی هاووڵاتییانی مەنبەج لەگەڵ تورکیا دەست بە گفتوگۆ دەکات چوونکە دانیشتووانی شارەکە هاتنی تورکیایان پێ تەحەمول ناکرێت.
Your Comment