یه‌کێتی له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانی که‌رکووک په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ تورکیا ڕاده‌کێشێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات به ‌ئه‌نجامدانی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ که‌رکووک و پێی وایه‌ كه‌ ته‌قینه‌وه‌كان هاوشێوه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ داعش نییه ‌و "منداڵانه‌یه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 18ی ته‌مووز 8 ته‌قینه‌وه‌ی‌ یه‌ک له ‌دوای‌ یه‌ک له گه‌ڕه‌ک و ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ شاری‌ که‌رکووک ڕووی دا و له ‌ئاكامدا 12 هاووڵاتی‌ بریندار بوون.

غازی كه‌ركووكی جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی یه‌كێتی به ‌میدیای‌ حزبه‌كه‌ی‌ ڕاگه‌یاندوووه:‌ "گومان له ‌ته‌قینه‌وه‌كانی‌ شاری‌ که‌رکووک ده‌كرێت چوونكه‌ شێوه‌ی‌ داعشی‌ نییه ‌و زۆریش منداڵانه‌یه‌ و شوێنه‌كان مه‌به‌ستی‌ پێوه ‌دیاره‌".

غازی كه‌ركوكی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کردوووه‌ "پێم وایه‌ ده‌ستی‌ یه‌كێک له ‌وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ له‌پشته‌ و ئه‌ویش توركیایه‌ چوونكه‌ هه‌ر سێ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ كراون كه‌ عه‌ره‌ب ‌و توركمان نشینن و ئه‌گه‌ر داعشیش بڵێت ئێمه‌ ته‌قینه‌وه‌كانمان كردوووه‌ باوه‌ڕ ناكه‌ین چوونكه‌ له ‌یارییه‌كانیان باش تێده‌گه‌ین".

دوای‌ ته‌قینه‌وه‌كان ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌منی‌ سه‌ر به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ عێراق له‌ که‌رکووک له ‌به‌یاننامه‌یێكدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ گه‌ڕان كردوووه‌ بۆ ده‌ستگیر كردنی‌ ئه‌و "تیرۆریستانه‌ی‌" سێ بۆمبی‌ ده‌نگیان له‌سه‌ر ڕێگه‌ی‌ ڕه‌حیم ئاوا و شۆڕجه‌ ته‌قاندۆته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16711

Your Comment

You are replying to: .
captcha