سه‌عید مه‌موزینی: پێشمه‌رگه‌ به‌ بێ شه‌ڕ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئازاد ده‌كاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێكی پارتی له‌ مووسڵ باس له‌وه ‌ده‌كات ناسه‌قامگیریی ئه‌منیی پارێزگاكه‌ وای كردوووه‌ به‌شێک له‌و هاووڵاتییانه‌ی گه‌ڕابوونه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان جارێكی دیكه‌ ڕوو بكه‌نه‌وه‌ هه‌رێم و سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ش بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌ڵێت: "پێشمه‌رگه‌ به ‌بێ شه‌ڕ و به‌ رێككه‌وتن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌عید مه‌موزینی به‌رپرسی راگه‌یاندنی لقی 14ی پارتی له‌ مووسڵ سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئه‌منیی پارێزگاكه‌ و مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش وتی: "به‌هۆی نه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه، هاتنه‌ئارای خۆپیشاندانه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق و بێ‌تواناییی هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌ دابین كردنی ئاسایش و ئارامی، مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ئارادایه‌."

ناوبراو وتیشی: "به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییانه‌وه‌ به‌شێک له‌و خه‌ڵكه‌شی پێشتر گه‌ڕابوونه‌وه‌ سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان، له ‌ئێستادا ده‌یانه‌وێت جارێكی‌تر ڕوو بكه‌نه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان."

به‌رپرسی راگه‌یاندنی لقی 14ی پارتی سه‌باره‌ت به‌و ڕێگرییانه‌ی له‌ به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ئارادان وتی: "پێشمه‌رگه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنێک كشاوه‌ته‌وه‌ و بۆ گه‌ڕانه‌وه‌شی پێویسته‌ ڕێككه‌وتن بكرێت."

بڕواشی وایه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ بێ شه‌ڕ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ ئازاد ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ تا شنگال لێیان كشابوووه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16701

Your Comment

You are replying to: .
captcha