کوردپرێس:
سەرەڕای ئەوەی کە ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکەی 24ی حوزەیرانی 2018 سەرکەوت و بۆ 5 ساڵی داهاتوو بووە سیاسەتوانی تاکەسواری ساحەی سیاسیی تورکیا بەڵام ئاکپارتی تەنها بە هاوپەیمانێتی کردن لەگەڵ پارتی توندڕەوی نەتەوەخوازی گەلی تورکیا توانیی بەربەستی یاساییی پەڕلەمان تێپەڕێنێت و ببێتە زۆرینەی پەڕلەمانی ئەو وڵاتە.
دوکتور بوراک قادرجان مامۆستای کۆلیژی Naval Warی ئەمریکا لە وتارێکی ماڵپەڕی War on the Rockes نووسیویەتی براوەی ئەسڵی لە هەڵبژاردنەکەی پەڕلەمانی تورکیا پارتی توندڕەوی بزافی نەتەوەپەرەستی تورکیا بوو ئەوەش هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە بۆ کوردی تورکیا.
ناوبراو بڕوای وایە دەوڵەت باخچەلی تەنها لە بەرانبە جێبەجێ کردنی ئایدیۆلۆژیای نەتەوەخوازیی ڕادیکاڵی پشتگیری لە هاوپەیمانێتیی ئەردۆغان دەکات و ئەوەش هەرگیز بە قازانجی کورد نابێت چوونکە باخچەلی دژایەتیی نەرمی نواندن بەرانبەر بە کورد دەکات.
ئەو مامۆستای زانکۆ ئەمریکییەکە دەشڵێت باخچەلی ئەوەی پێ تەحەمول ناکرێت کە ئەردۆغان بیهەوێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەدەپە بکات یان تەنانەت هەوڵ بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی دانووستاندن لەگەڵ پەکەکە بدات و ئەگەر ئەوە بکات باخچەی تۆڵەی ئەو کارە لە ئەردۆغان دەسێنێتەوە.
مامۆستای زانستە سیاسییەکانی کۆلیژی Naval Warی ئەمریکا دەشڵێت سەرەڕای ئەوەی باخچەلی حەز بە چاککردنەوەی پێوەندیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات بەڵام ئەو مەوزووعەش دەبەستێت بە مەرجی پشتگیری نەکردنی ڕۆژئاوا لە کوردەکانی سووریا.
Your Comment