نه‌جیبه‌ نه‌جیب: به‌غدا 80 ترلیۆن دیناری هه‌رێم قه‌رزاره‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باس له‌وه ‌ده‌كات كه‌ به‌غدا 80 ترلیۆن دیناری هه‌رێم قه‌رزاره‌ و پێویسته‌ له‌ دانووستانه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو، له‌ دۆسیه‌ی ئابووریدا كورد پێداگری له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێک بكات له‌وانه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بكرێته‌ هێڵی سوور و پرسی بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ده‌رمانیش له‌و دۆسیه‌دا گرنگی پێبدرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌جیبه‌ نه‌جیب كه‌ له‌ دوو خولی ڕابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ لیژنه‌كانی دارایی و وه‌به‌رهێنان ئه‌ندام بوووه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پێویسته‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ دۆسیه‌ی ئابووریدا بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق ڕه‌چاوی چی بكه‌ن وتی: "له‌ نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2017 بڕی نزیكه‌ی 80 ترلیۆن دینار له‌ شایسته‌دارایییه‌كانی هه‌رێم له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق كه‌ڵه‌كه‌ بوووه‌، قه‌رزه‌كه‌ش بریتییه له‌‌ نه‌فه‌قاتی سیادی، نه‌فه‌قاتی حاكیمه‌ و چه‌ندین شایسته‌ی‌تری دارایی كه‌ پێویسته‌ پێداگری بكرێت له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌یان".

وتیشی: "خاڵێكی‌تر پرسی مووچه‌ و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پڕچه‌ک كردنیانه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ سیسته‌می به‌رگریی عێراق و ده‌بێت له‌ دانووستانه‌كاندا جه‌خت له‌ شایسته‌داراییه‌ ده‌ستوورییه‌كانی ئه‌و هێزه‌ بكرێته‌وه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی دوو خولی رابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، پرسی مووچه‌ و ده‌رمان و پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانیشی به‌ چه‌ند خاڵێكی‌تری گرنگ ناو برد كه‌ پێویسته‌ له‌ دۆسیه‌ی دارایی و ئابووری كورد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق بچه‌سپێنرێن و له‌و رووه‌وه‌ وتی: "پرسی گومركه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و به‌رده‌وامی داخرانی ڕێگاكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ مووسڵ و كه‌ركووک زیانی به‌ ئابووری هه‌رێم گه‌یاندوووه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێن".

گه‌نمی جووتیارانیش یه‌كێكی‌تر له‌و بڕگانه‌یه‌ كه‌ نه‌جیبه‌ نه‌جیب به‌ پێویستی ده‌زانێت له‌ دۆسیه‌ی ئابووریدا جێی بكرێته‌وه‌ و ده‌شڵێت: "نزیكه‌ی 600 ملیار دینار پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم له‌ لای به‌غدا ماوه‌، جیا له‌وه‌ش پرسێكی گرنگ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌ كه‌ هیچ ده‌قێكی ده‌ستووری ڕێگه‌ به‌ به‌غدا نادات بیبڕێت بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ دانووستانه‌كانی داهاتوودا ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێته‌ هێڵی سوور و هه‌روه‌ک چۆن مووچه‌خۆرانی به‌غدا مووچه‌ وه‌رده‌گرن پێویسته‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش وه‌ریبگرن".

نه‌جیبه‌ نه‌جیب پرسی ده‌رمان و پێداویستیه‌ پزیشكییه‌كانیشی به‌ بیر هێنایه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ دانووستانه‌كانی داهاتوودا جێیان بۆ بكرێته‌وه‌ و به‌غدا پابه‌ند بكرێت بۆ ره‌وانه‌كردنی ده‌رمان و ئامێر و كه‌ره‌سته‌ی پزیشكی بۆ هه‌رێم.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16605

Your Comment

You are replying to: .
captcha