کوردپرێس:
ئوپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ڕۆژی دووشەمە 16ی تەمووز بە مەبەستی پاککردنەوەی چیای قەرەچووغ لە چەکدارانی داعش دەستی پێکرد و پاش یەکەم ڕۆژی ئوپەراسیۆنەکە تۆڕی میدیاییی ڕووداو وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنەی خستۆتە ڕوو.
ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 03:00ی بەرەبەیان بە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان دەستیپێکرد. پێش خۆرهەڵاتن پێشمەرگە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان لە چەند قۆڵێکەوە بە پیادە کێوماڵی چیای قەرەچووغیان کرد، کێوماڵێک بۆ ئەوەی خۆری پێشمەرگە بە ئارامی هەڵبێت.
چیای قەرەچووغ سەختە، سەختییەک کە هێز و توانایەکی زۆری دەوێت بە پیادە پێیدا بڕۆیت. گەڕان و پشکنین لە چیاکە قۆناخ بە قۆناخ بوو، لەهەر قۆناخێک ئەشکەوت و شوێنە سەختەکان کرانە ئامانج.
لە دوایین قۆناخدا، لەنێو ئەشکەوتێکەوە، کە چەکدارانی داعش بۆ خۆشاردنەوە بەشی زۆری دەروازەکەیان بە بەرد هەڵچنیبوو، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە رووی دا.
دیوی رۆژئاوای چیای قەرەچووغ لە سنووری مەخموور، بنکەی سەرەکیی داعشە لە ناوچەکە، چوونکە بەشێکی ئەم چیایە کەوتووەتە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان و ناوچەی قەدەخەکراوی شەڕە.
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزی پێشمەرگە رایگەیاند "ئەو شوێنانەی نزیکی پێشمەرگەیە و داعشی لێیە، مەترسی دروست دەکات لەسەر هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە، دەبێت ئێمە بۆیان بچین، ناکرێت وازیان لێبهێنین، چو.نکە ئێمە ئەزموونمان هەیە، کاتێک (داعش) هێزیان زۆر بوو، بەخۆیان دەگوت دەوڵەتی ئیسلامی و هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیل".
هاوپەیمانان لە زەوی و ئاسمانەوە پاڵپشتی پێشمەرگە بوون و لەو ئۆپەراسیۆنەدا راوێژکارانی سەربازی ئەمریکا پێ بە پێ لەگەڵ پێشمەرگەدا بوون.
چەکدارانی داعش لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا جموجۆڵ دەکەن، ئەو ناوچانەی کاتێک لەژێر حوکمی پێشمەرگەدا بوون، جووڵەی چەکدارە توندئاژۆکانیان لێ بڕابوو.
چیای قەرەچووغ بەسەر دەشتی قەراج و گوندەکانی باکووری حەویجەدا دەڕوانێت، ئەو ناوچانەی سنووری هەر چوار پارێزگای هەولێر، نەینەوا، کەرکووک و سەڵاحەدین بەیەکدی دەبەستنەوە.
Your Comment