بە هاوبەشی دەڕۆینە بەغدا و دەرگامان بۆ لایەنەکانی دیکەش کراوەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی کۆتایی هات و گوتەبێژی یەکێتی رایگەیاند: هەردوولامان داواکارییەکانمان دەکەینە پرۆژەیێکی هاوبەشی نیشتمانی و بە لایەنە عێراقییەکانیشمان راگەیاندووە کە بەیەک شاندی هاوبەش دەچینە بەغدا بۆ گفتوگۆ لەبارەی حکوومەتی داهاتووی عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ لە هەولێر کۆ بوونەوە، لەدوای کۆبوونەوەکەش، گوتەبێژی دوو حیزبەکە لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی رۆژنامەڤانیدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو و جەختیان کردەوە کە ئەوان بە هاوبەشی دەڕۆنە بەغدا و دەرگایان بۆ لایەنەکانی دیکەش کراوەیە.

مەحموود محەممەد، ئەندام و گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان درێژەپێدەری کۆبوونەوەکانی پێشووی هەردوو مەکتەبی سیاسییە لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و عێراق و ئەو گۆڕانکارییانەی هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها باس لەوە کرا چۆن خۆمان ئامادە بکەین دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن پەسند دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەو پرۆژە هاوبەشەی پێشتر بڕیارمان لەسەری دابوو ئامادەی بکەین لەگەڵ لیژنەی هاوبەش بۆ ئەو بابەتە".

مەحموود محەممەد گوتی: "ئەمانە هەمووی گفتوگۆی ئەم کۆبوونەوەیە بوو، هەروەها پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان زۆر پێویستن، جەختیان لەسەر کرایەوە، هەم هەندێک خاڵ هەبوو کە دەبوو وەکوو وردەکاریی زیاتر قسەی لەسەر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاستی ئەم گۆڕانکاری و ئەو تەحدیاتانەدا بین کە ئێستا رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە. کۆبوونەوەیێکی باش و چڕوپڕ بوو، گفتوگۆی زۆر بە نرخ لەو کۆبوونەوەیە ئەنجامدرا".

ئەوەی پەیوەندی بە حیزبەکانی کوردستانەوە هەیە، وەک گوتەبێژی پارتی گوتی: "هەردوولامان بڕیاری ئەوەمان داوە دەرگا کراوە بێت بۆ ئەوەی بکرێت گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین، چوونکە ئێمە پرۆژەکەمان بۆ ئەوەیە چۆن مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەین، کەواتە پێویست بەوە دەکات هەموو لایەنەکانی کوردستانی خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە مافە ڕەواکانی بۆیە بەشداری هەموو لایێک بە گرنگ دەزانین".

سەبارەت بە بەشداربوون و نەبوونی لایەنەکان، مەحموود محەممەد گوتی: "ئێمە لەسەر ئەو نەهجەی خۆمان هەردوولا بڕیارمانداوە بەردەوامبین، لەو کۆبوونەوەیەش تەئکیدمان لەسەر کردەوە، کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو دەرگاکردنەوەیە بۆ هەموو لایەنەکان، من پێم وایە ئەو بایکۆت کردن و ئەو هەموو ڕەخنەگرتن و تانەلێدانەی کە لە هەڵبژاردنەکان بوون دەبێت لەگەڵ وردبینییەکان کۆتاییان پێبێت، چوونکە ناکرێت لەسەر ئەوەی ڕەخنە گیراوە تا ئەبەد ئەو ڕەخنانە لەسەری بەردەوام بن. دەبێت ژیان بەردەوام بێت، دەبێ سیاسەت بکرێت دەبێت بەردەوام گفتوگۆ بکەین و رێگەی تازە بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی ژیان و بەردەوام بوونی ژیان، کە ژیانێکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان".

هەروەها سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە لەدوای 12ی مانگی 5 کە هەڵبژاردن کرا، بڕیاری ئەوەماندا لەدوای تەواوبوونی هەڵبژاردن دەست بەوە دەکەین لەگەڵ لایەنەکانی کوردستان دابنیشین کاربکەین لەسەر بەرنامەیێکی کاری هاوبەش وەکوو پرۆژەیێکی نیشتمانی، کە ببێتە ئەساس بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بۆ ئاییندەی عێراق و دامەزراندنی حکوومەتی عێراقی فیدراڵی تازە".

سەعدی پیرە گوتی: "دیارە بۆ ئەم ئامادەسازییە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ مقۆمقۆی رازی نەبوونیان بە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن و هەژمارکردنەوەی دەنگەکان، ئەوەیان بەپێویست زانی، چوونکە سکاڵاکانیان دەبێت یەکلا بکرێتەوە تا ئەم ساتەش ئێمە لەگەڵ لایەنەکان هێشتا دانەنیشتووین، لەمەودوا پاش یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دادەنیشین".

گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، لە فەترەی رابردوو ئێمە لەگەڵ لایەنی عێراقیش کە سەردانی ئێرەیان کرد، وەکوو لایەنی فەتح و دەوڵەتی یاسا قسەمان کرد، لەوکاتەش پێمانگووتن نە ڤیتۆمان لەسەر کەس هەیە بۆ هەر پۆستێک لە عێراق، نە داوای پەراوێزخستنی هیچ لایەن و سیاسییێکی گەورە یان بچووک لە کوردستان و عێراقیش دەکەین، ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە".

سەعدی پیرە بە ئاماژەدان بەوەی ئەو کۆبوونەوانە لەنێوان هەردوو حیزب هەفتانە دەبێت، گوتی: "ئێمە شاندێکمان لە هەردوولا ئامادەکردووە، دەستبەکار دەبێت بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی ئەو پرۆژە نیشتمانییە، پاش ئامادەکردنی لە چەند رۆژی داهاتوو دەخرێتە بەردەم هەرلایێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی خۆی بۆ ئەوەی پەسند بکرێت".

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی باشووری عێراق سەعدی پیرە گوتی: "ئێمە لەو کۆبوونەوەیە باسی ئەوەمان کرد کە ئێمە لەگەڵ داخوازیی ڕەوای خەڵکین، ئەگەر پەیوەندی هەبێت بە خزمەتگوزاری، بە پانتایی پێویست بۆ ئازادییە دیموکراتییەکان بۆ گوزەران و ژیانی خەڵک، بەڵام لە هەمانکاتدا تکامان وایە و داواش دەکەین دامەزراوە گشتییەکان و بارەگا سیاسییەکان پارێزراو بێت، چوونکە سووتاندن و هێرش کردنە سەر دامەزراوە گشتییەکان کە موڵکی خەڵکە، هەم دیاردەیێکی ناشارستانییە، هەم زەرەرێکی زۆر گەورەش دەدات، جارێکی دیکەش دەبێت لە تواناکانی خەڵک دروست بکرێتەوە".

لەبارەی پرۆژە هاوبەشەکەیانەوە، سەعدی پیرە گوتی: "ئێمە لە چەند رۆژی داهاتوو بە پرۆژەکەمانەوە ئامادەین، لە هەمان کاتیشدا لەناو ئەو پرۆژەیەی ئێمە داخوازییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان جێگیر دەکرێت، کێشە هەڵواسراوەکان، پێگەی پێشمەرگە لە سیستەمی بەرگری عێراق وەکوو لە پێشەکی دەستووری عێراقدا هاتووە، لە هەمان کاتیشدا مافە دارایی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێ کردنی دەستوور و ماددەی 140، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە هەوڵدان بۆ گەماڕۆدانی خەڵکی کوردستان و هەوڵدان بۆ رێز نەگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، نە هەڵبژاردنەکانی پی برایەوە نە عێراقیشی بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر برد، واتە سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە هیوادارین لە گفتوگۆکانمان ئەوە لەبەرچاو بێت، هەوڵی ئەوە نەدەین جارێکی دیکە هەمان ئەزموون لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵکوو هەوڵی ئەوە بدەین لەسەر بنەما ئەساسییەکان کە عێراقی لەسەر دامەزراوە، کە ئەویش شەراکەتی راستەقینەیە، تەوافوق و هاوسەنگییە".

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 16584

Your Comment

You are replying to: .
captcha