فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی 70ی یه‌کێتی وه‌ڵامی‌ گۆڕان ده‌داته‌وه

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت دووباره‌ یه‌كێتی له ‌ڕێی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70وه‌ كه‌وتۆته‌وه‌ سزادانی ئه‌و ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگانه‌ی گومان ده‌كات ده‌نگیان به‌ گۆڕان دابێت و شێخ جه‌عفه‌ریش له ڕوونكردنه‌وه‌یێكدا ئه‌و هه‌واڵه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "گۆڕانكاری‌ له‌ پله‌ی‌ ئه‌فسه‌ره‌كاندا كراوه به‌ڵام به ‌هیچ شێوه‌یێک ئه‌فسه‌ر دوور نه‌خراوه‌ته‌وه‌ و سزا نه‌دراوه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ حزبی‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، میدیای‌ فه‌رمیی‌ گۆڕان (KNN و سبه‌ی‌) بڵاویان كردۆته‌وه به ‌بڕیاری‌ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی 70ی یه‌كێتی له‌سه‌ر گۆڕان بوون سزای ژماره‌یێک پله‌داری لیوای 28ی دووكان دراوه ‌و ژماره‌یێک ئه‌فسه‌ر نێردراونه‌ته‌ ماڵه‌وه‌ و سزا دراون که‌ ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی یه‌کێتی وه‌ڵامی‌ ئه‌و ده‌نگۆیه‌ ده‌داته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات "هیچ پێشمه‌رگه ‌و ئه‌فسه‌رێک به‌ بڕیاری‌ من و له‌سه‌ر پرسی‌ حزبی‌ سزا نه‌دراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ گۆڕانكاری‌ و ئاڵوگۆڕ له ‌پله‌ی‌ ژماره‌یێک ئه‌فسه‌ردا كراوه‌ به‌ڵام جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ هیچ ئه‌فسه‌رێک دوور نه‌خراوه‌ته‌وه‌."

ناوبراو وتیشی‌: "ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش به ‌بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هێزه‌كانی‌ 70 كراوه نه‌ک بڕیاری‌ تاكلایه‌نه‌ی‌ خۆم و ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش به‌دواداچوون ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانێت كام ئه‌فسه‌ر شیاوی‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ بۆی‌ داده‌نرێت چوونكه‌ ناكرێت تا سه‌ر كه‌سێک له‌ شوێنی‌ خۆیدا بهێڵدرێته‌وه ‌و گۆڕانكاری‌ له ‌پۆست و پله‌كه‌یدا نه‌كرێت."

فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌كانی‌ 70ی‌ یه‌كێتیی جه‌ختی كرده‌وه‌: "ئه‌نجومه‌نی‌ هێزه‌كانی‌ 70 خه‌ڵكانی‌ لێهاتوو به‌توانان و ئه‌وان به‌ باشی‌ درک به‌وه ‌ده‌كه‌ن كامه‌ فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ر بۆ كامه‌ شوێن گونجاوه‌ به‌ڵام جارێكی‌ دیكه‌ش جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ هیچ كه‌سێک سزا نه‌دراوه ‌و ئه‌وه‌شی‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ ڕاست نییه‌ و دووره‌ له‌ ڕاستییه‌وه‌."

سه‌رچاوه‌: تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی (SNN)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16528

Your Comment

You are replying to: .
captcha