کوردپرێس:
پاش تەشەنەسەندنی گرژییەکان بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینی هاووڵاتییانی باشووری عێراق، سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای كوەیت لە نامەیێكدا، كە لە هەژماری تایبەتی سوپا لە تویتەر بڵاوكراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، “ئەو ڕووداوانەی لە نزیك سنووری باكوور لەگەڵ عێراق ڕوویان داوە بابەتێكی ناوخۆییی وڵاتێكی دراوسێیە و ئەوەی سوپای كوەیت پێی هەستاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان تەنها بۆ خۆپارێزییە”.
سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای كوەیت لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە كردووە، دۆخی ئەمنیی وڵات سروشتییە سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی پێمان دەگات سەبارەت بە توندبوونەوەی خۆپیشاندانەكانی هاووڵاتییان لە باشووری عێراق و بەتایبەت لە ناوچە سنووریەكان.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لەوڵاتەکەی ڕەت دەکاتەوە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراق-ەوە و باڵیۆزخانەی کوەیتیش هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە عێراق.
باڵیۆزخانەی کوەیت ئاماژەی بەوە داوە "داوا لە هاووڵاتییانی کوەیت لە عێراق دەکات بەهیچ شێوەیێک نزیکی ئەو ناوچانە نەکەونەوە کە خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی تێدایە لەکاتی هەر ڕووداوێکیشدا پەیوەندی بە باڵیۆزخانەی کوەیتەوە بکەن".
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە سەرچاوەیەک لەوەزارەتی ناوخۆی کوەیت بە ئاژانسی هەواڵی کونای کوێتی ڕاگەیاندوە "ئەمڕۆ حکومەتی کوەیت بڕیارداوە ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی بۆ سنورەکانی نزیکی باشوری عێراق ناردوە".
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی هەفتەیێکە خۆپیشاندان لە شاری بەسرە لەباشووری عێراق دەستی پێکردووە و لەڕۆژی هەینیشەوە دوای پشتگیریکردنی داواکانی خۆپیشاندەران لەلایەن عەلی سیستانیەوە، خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و شارەکانی بابل و نەجەف و کەربەلا و بەغداد و چەند ناوچەیێکی دیکەشی گرتووەتەوە".
*لە ماڵپەڕی شارپرێس و تۆڕی هەواڵی خەڵک وەرگیراوە
Your Comment