مافی مرۆڤ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی به‌سره‌ هاته‌ ده‌نگ

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆمیسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤ ڕاگه‌یێندراوێک له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانی به‌سره بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی حکوومه‌ت بۆ داواکانی خۆپیشانده‌ران جیدی نییه‌ و داوای له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش کرد که‌ خۆپیشانده‌ران بپارێزن و به‌ شاره‌زایییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و کاردانه‌وانه‌ بکه‌ن که‌ خۆپیشاندانه‌کان به‌لاڕێدا ده‌به‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌و ڕاگه‌یێندراوه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤ که‌ 13ی ته‌مووزی 2018 بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ هاتوووه‌: "به ‌په‌رۆشییه‌وه‌ چاودێری خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکی به‌سره‌ ده‌که‌ین که‌ داوای هه‌لی کار و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تایییه‌کانی ژیانیان ده‌که‌ن به‌ڵام به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی حکوومه‌ت بۆ جێبه‌جێ کردنی داواکانیان جیدی نییه‌".

کۆمیسیۆنه‌که‌ وتووشیه‌تی: "داواکردنی هه‌لی کار، کاره‌با و ئاو له‌ مافه‌ سه‌ره‌تایییه‌کانی هاووڵاتییانن و ده‌ستوور و شه‌ریعه‌ته‌کانی ئاسایشیش ئه‌و مافه‌ی پێداون بۆیه‌ پشتیوانی داواکارییه‌کانی هاووڵاتییان ده‌که‌ین و ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ ده‌ستوورییه‌کاندا داواکارییه‌کانیان بۆ جێبه‌جێ بکرێت و داواکاریی هاووڵاتییانیش له ‌چوارچێوه‌ی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ ده‌رنه‌چێت".

کۆمیسیۆنی باڵای مافه‌کانی مرۆڤ داواشی کردوووه‌ که‌ پێویسته‌ ماڵ و موڵکه‌کانی حکوومه‌ت و گشتی بپارێزرێن و هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش خۆپیشانده‌ران بپارێزن و ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منییه‌کان سه‌رجه‌م پارێزگارییه‌کان بۆ خۆپیشانده‌ران دابین بکه‌ن.

کۆمیسیۆنه‌که‌ لایه‌نه‌ حکومی و ناوچه‌یییه‌کانی ئاگادار کردوووه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ زوویی چاره‌سه‌ری کرداری بدۆزنه‌وه‌ که‌ وه‌ڵامی داواکاریی خۆپیشانده‌ران بداته‌وه‌.

شایانی باسه‌؛ ماوه‌ی 7 ڕۆژه‌ هاووڵاتییانی به‌سره‌ به‌هۆی نه‌بوونی هه‌لی کار و خزمه‌تگوزارییه‌کانی کاره‌با و ئاو خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و خۆپیشاندانه‌کانیش توندوتیژی لێکه‌وته‌وه‌ و به‌ فیشه‌کی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان خۆپیشانده‌رێک گیانی له‌ده‌ست دا و سیانی دیکه‌ش بریندار بوون.

سه‌رچاوه‌: میلله‌ت پرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16509

Your Comment

You are replying to: .
captcha