کوردپرێس:
پەڕلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکەی 11ی تەمووزدا یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی پەسەند کرد و بڕیاردان لەو بارەیەوە دوا خرا بۆ دانیشتنی داهاتووی پەڕلەمان.
ڕابون مەعرووف ئەندامی سەرکردایەتیی نەوەی نوێ و نوێنەری دەستلەکار کێشاوی پێشووی پەڕلەمانی کوردستان لە بارەی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: پرۆژە یاساکە لە بنەڕەتەوە گوزارشت بوو لە دیدی پارتی بۆ رزگار کردنی حیزبەکەیان لە قەیرانێکی ناوخۆیی کە سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ھەرێم رووبەڕووی بووبوونەوە.
ڕابون مەعرووف گوتیشی: بە گوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم مەسعوود بارزانی نەیدەتوانی خۆی کاندید بکات و پارتی ململانێی ھەبوو کە کێ بکات بە کاندید بۆ جێگرتنەوەی مەسعوود بارزانی. کەواتە یاسای ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم پارتیی لەو مەئزەقە ناوخۆییە دەرباز کرد.
بەگوێرەی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەڕلەمان بەڕێوە ناچێت و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەڕلەمان جێبەجێ دەکرێت.
بەوتەی ڕابون مەعرووف بەگوێرەی یاساکە دیوانی سەرۆکایەتی وەك خۆی دەمێنێتەوە و ھەموو دیوانەکەش بە سەرۆکەکەشیەوە پارتی دروستی کردووە و دایمەزراندوون، کەواتە پارتی دیوانەکەشی وەك سیمبۆڵ لەدەست دەمێنێت تاکوو ھەڵبژاردنی سەرۆکی داھاتوو کە ئێستا ئیتر دیار نییە کەی دەبێت
Your Comment