بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە- باڵی سەربازی پەكەكە)، ڕاپۆرتێكی لەبارەی چالاكییەكانیان لەناوچەی برادۆست بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد "لەئەنجامی چالاكی هێزەکانیان بۆسەر سوپای توركیا كە لەدوو قۆڵەوە ئەنجامیان داوە، 10 سەربازیان كوشتووە".
لەوبارەیەشەوە، كرمانج عیزەت، قائیمقامی قەزای سۆران، بە SNNی ڕاگەیاند: هیچ ڕووبەڕبوونەوەیێک لەنێوان پەكەكە و سوپای توركیا نەبووە، تەنها جاروبار بەشێوەیێكی پارتیزانی، سوپای توركیا دەكرێتە ئامانج، ئەگەرنا ئەوەی لە سنوورەكەدا هەیە بۆردومانی بەردەوامی سوپای توركیایە.
ناوبراو ڕەتیشی كردەوە، هێرشی زەمینیی توركیا بۆسەر ناوچە سنورییەكان لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ئەنجامدرابێت و وتی:" هەر كاتێک جموجۆڵێک لەلایەن پەكەكەوە هەبێت، توركیا ڕاستەوخۆ دەست بەبۆردومان دەكات".
هاوكات، مەلا كەریم برادۆستی بەرپرسی كۆمیتەی برادۆستی یەكێتی ڕوونی كردەوە، دوای هاتنی سوپای توركیا بۆ سنووری برادۆست، كوێستانەكانی ئەو ناوچەیە بووەتە ناوچەی مەترسیدار و كێشەیێكی گەورەی بۆ دانیشتوانەكەی دروست كردووە.
ناوچە مەترسیدارەكانیشی ئاشكرا كرد و وتی:" هاوڵاتیان ناچارن بۆ دابین كردنی خۆراكی ئاژەڵەكانیان، پەنا ببەنە بەر كوێستانەكان، بەڵام بەگشتیی سنوورەكە لەمەترسیدایە و دۆخی ئەمنیش لەوپەڕی خراپیدایە، بەجۆرێک ئەو ناوچانەی پێشتریش ئارامیان تێدابووە، ئێستا بەرەو ناجێگیری دەڕۆن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment