کوردپرێس: ڕاپۆرتەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و هەر زووش بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی بەشێک لە هەڵسوڕاوەکانییەوە ئێن ئاڕ تی-یان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە زانیارییەکانی ناڕاستن و ڕەتیان کردەوە، بەڵام ئێستا و دوای چەند مانگێک بەسەر ڕاپۆرتەکەی ئێن ئاڕ تی-دا بەرپرسانی گۆڕان خۆیان زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی پشتڕاست دەکەنەوە و دەڵێن مانگانە ٢٥٠ هەزار دۆلار واتە ٢٥ دەفتەر دۆلار لە یەکێتی وەردەگرن.
لەو چوارچێوەیەشدا هاوڵاتییێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پرسیارێکی لە عەلی حەمە ساڵح کردووە و دەڵێت: "ئایا ڕاستە گۆڕان پارە لە یەکێتی وەردەگرێت تکایە ڕوونکردنەوەی فەرمی بدەن خەڵک زۆر نیگەرانن"، لە وەڵامدا عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: گۆڕان چهند مانگێک لەلایەن یەکێتییەوە بە بڕی ٢٥ دەفتەر دۆلار هاوکاری کراوە و پارەکەش چووه ژووری کارگێڕی و قادری حاجی عهلی و ئاواتی شێخ جهناب ئاگاداری وردهکارین.
کێشە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان وایکردووە کە چاوەکان زیاتر لەسەر پارە و دارایی بزووتنەوەکە بێت، عەبدوڵا کوێخا موبارەک ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: کە پارەیان لە یەکێتی وەرگرتووە.
بزووتنەوەی گۆڕان جگە لەو پارانەی کە ئێستا لە یەکێتی وەردەگرێت، هاوکات مانگانە بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلاری دیکە لە کارگەی چیمەنتۆی گاسن وەردەگرێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران دەڵێن، بزووتنەوەی گۆڕان لەکاتێکدا پارە لە یەکێتی وەردەگرێت، کە بەردەوام لە میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە ڕەخنەی توند لە یەکێتی دەگرێت و بە گەندەڵ باسی دەکات، بەڵام لەملاشەوە پارەی لێوەرگرتووە کە ئەمە بەشێک لە هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی گۆڕانی نیگەران کردووە.
ڕەنگە پرسیارەکە ئەوەبێت کە ئایا حزبێکی سیاسی، ئەگەر مانگانە چاوەڕێی دەستی دەسەڵات بێت پارەی لێوەر بگرێت، چۆن دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە بگۆڕێت و دووری بخاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment