هۆکاری فه‌شه‌ل هێنانی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یێکی هاوبه‌ش ده‌خرێته‌ ڕوو

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کامیل مه‌حموود وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان وتووێژێکی له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس کردوووه‌ و له‌و دیمانه‌یه‌دا تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ی کاریگه‌ر بوون له‌ دابه‌زینی ڕێژه‌ی ده‌نگی لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان له‌ خوله‌کانی پێشووی هه‌ڵبژاردنی عێراق و کوردستان و ئاماژه‌ به‌ هۆکاره‌کانی شکست هێنانی پڕۆژه‌ی یه‌کگرتنی به‌ره‌ی ئیسلامی ده‌کات.

کوردپرێس- لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانی عێراق وه‌کوو به‌شێک له‌ ڕۆڵ‌گێڕانی ساحه‌ی سیاسیی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانیوه‌ له‌ یه‌ک به‌ره‌دا کۆ ببنه‌وه‌ به‌ڵکوو ناو به‌ ناو جاروبار ڕووبه‌ڕووی یه‌ک بوونه‌ته‌وه‌. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ ئه‌و حیزبانه‌ له‌ چه‌ند خولی پێشووی هه‌ڵبژاردندا که‌ پاش 2003 له‌ ئاستی هه‌رێم و عێراق به‌ڕێوه‌ چوووه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌نجامی باش و مه‌فرووز مسۆگه‌ر بکه‌ن بۆیه‌ گه‌یشتنیان به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ڕێگای سندۆقی ده‌نگدانه‌وه‌ ناکام بوووه‌. ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێس گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ کامیل مه‌حموود وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستانی عێراق کردوووه‌ و وه‌ڵامی چه‌ند پرسیاری گرینگی له‌وباره‌یه‌وه‌ خستۆته‌ ڕوو. ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌وه‌:

کوردپرێس: ئامانج و چۆنیه‌تیی پێکهاتنی به‌ره‌ی ئیسڵاح له‌ نێوان بزووتنه‌وه‌ و یه‌کگرتووی ئیسلامی چییه‌؟

کامیل مه‌حموود: له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا هێزه‌ ئیسلامییه‌کانی کوردستان هه‌وڵیان داوه‌ له‌ چوارچێوه‌یێکی تازه‌دا هێزه‌کانمان یه‌ک بخه‌ین ئێستا ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ به‌ره‌یێکی ئیسلامی بێت یان هاوپه‌یمانییێکی سیاسی بێت یان ته‌نانه‌ت حیزبێکی یه‌کگرتووش بێت به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌شتووینه‌ ئامانجی کۆتایی. ئه‌وه‌ی که‌ پێی گه‌یشتین بزووتنه‌وه‌ و یه‌کگرتووی ئیسلامی بووین که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق هاوکاری برایانی یه‌کگرتوو بین و کاندیدیشمان له‌ لیسته‌که‌یاندا هه‌بوو. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی دیسانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌مان ساز کردوووه‌ به‌ ناوی به‌ره‌ی ئیسڵاح و ئامانجیشمان به‌شداری کردنه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان. دیاره‌ پێوه‌ندیمان به‌ برایانی کۆمه‌ڵی ئیسلامیشه‌وه‌ کرد به‌ڵام کۆمه‌ڵی ئیسلامی ئیجتیهادی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو. دیاره‌ ئامانج له‌ پێکهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ بڕوای ئێمه‌ نێو ماڵی کوردی پێویستی به‌ ڕێکخستن هه‌یه‌ ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگی و ته‌باییی نێوان حیزبه‌ سیاسییه‌ ئیسلامی و غه‌یره‌ ئیسلامییه‌کان ده‌کرێت بۆیه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ی ئێمه‌ش به‌شێکه‌ له‌ نێو ماڵی کورد و له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی دیکه‌شدا پێوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق که‌ ساخته‌کاری له‌لایه‌ن دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ کرا که‌ شه‌ش حیزبی ناڕازیی کوردستانی کۆ بوونه‌وه‌ به‌ڵام هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌کان ڕوون نییه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای کوردستان بۆیه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ نه‌بوو بۆ ویستی ئێمه‌ له‌سه‌ر به‌ربڵاو کردنی هاوپه‌یمانێتییه‌که‌.

کوردپرێس: ئایا وه‌کوو به‌ره‌ی ئیسڵاح به‌رنامه‌تان هه‌یه‌ بۆ به‌رفراوان کردنی چ له‌ نێو لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان و چ له‌ نێو ئۆپۆزیسیۆن یان خێر به‌ره‌ی ئیسڵاح هه‌ر ئه‌مه‌یه‌؟

کامیل مه‌حموود: ئێمه‌ سه‌ره‌تای دروست کردنی به‌ره‌که‌ جه‌ختمان کردۆته‌وه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌مان کراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌م و خه‌می ئێمه‌یان هه‌یه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ چاکسازی و گۆڕانکاری له‌ هه‌رێمی کوردستان و بازدانێک بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی که‌ 27 ساڵه‌ هه‌رێمی کوردستانی تێی که‌وتوووه‌ و به‌رده‌وام ئه‌زموونی کوردی به‌ره‌و شکست ده‌بات. ئێمه‌ لیسته‌که‌مان کراوه‌یه‌.

کوردپرێس: ئاماژه‌تان به‌ به‌ره‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی دا که‌ له‌م ماوه‌ی یه‌ک دوو ساڵی ڕابردوودا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کراوه‌ و نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجام. هۆکاری ئه‌و ناکامییه‌ چییه‌ و له‌مپه‌ره‌کان چین بۆ گه‌یشتن به‌ به‌ره‌یێکی یه‌کگرتوو؟

کامیل مه‌حموود: هۆکاری یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و عه‌به‌سیه‌ته‌ی که‌ حیزبه‌ کوردییه‌کانی تێیدا ده‌ژی. بێ ستراتێژییه‌تی و بێ ئامانجییێکی ڕوون هه‌یه‌ که‌ وا ده‌زانن جۆری مومارسه‌ت کردنی حیزبایه‌تی له‌ کوردستان ئه‌داکردنێکی ته‌ندروستانه‌ نییه‌ و زۆر جار به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی ده‌خرێته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌ کاتێکدا حیزب ئامانج نییه‌ به‌ڵکوو وه‌سیله‌یێکه‌ بۆ پێشخستنی ئامانجی خه‌ڵک ئه‌وه‌ش مه‌سه‌له‌یێکی سیاسیی هه‌ریه‌که‌ له‌ حیزبه‌کانی کوردستانه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یێک بێت نایهه‌وێت ڕه‌وتی کار کردنی حیزبه‌ کوردییه‌کان به‌ ئاراسته‌یێکدا بڕوات که‌ ژیانێکی سیاسیی ته‌بیعی له‌ کوردستان دروست بکات. هۆکارێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێک حیزبی کوردستانی هه‌بوووه‌ که‌ له‌ زۆر بابه‌تی کوردستان وه‌کوو مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمدا هه‌ڵوێستی جیاوازی له‌ حیزبه‌کانی دیکه‌ دروست کردبێت و دواجاریش بینیمان که‌ ڕیفراندۆم به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشت. به‌ شێوه‌یێکی گشتی بیر و بۆچوونی سیاسیی جیاواز هه‌ندێک جار ده‌بێته‌ کۆسپ له‌ به‌رده‌مماندا به‌ڵام ئێمه‌ وه‌کوو ئیسلامییه‌کان ئه‌و گرفته‌مان هه‌یه‌ که‌ تا ئیستاش له‌ خۆمان تێناگه‌ین. له‌ ئامانجدا یه‌کین و له‌ میکانیزم و شێوازی مومارسه‌ کردنی حیزبایه‌تیشدا وه‌کوو یه‌کین یه‌عنی وه‌کوو جاران جیاوازی له‌ نێوانماندا نه‌ماوه‌ که‌ هێزێکی ئیسلامیی چه‌کدار و هێزێکی ئیسلامیی بێ‌چه‌ک هه‌بێت و بڵێین ئه‌مه‌ دوو ئیسلامی جیاوازه‌. تا ئێستا خۆیشمان تێناگه‌ین بۆچی ئیسلامییه‌کان یه‌ک ناگرن به‌ڵام ئێمه‌ وه‌کوو بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی قه‌ناعه‌تمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئیستا ئیسلامییه‌کان پێویستیان به‌ مۆدیلێکی نوێیه‌ له‌ کاری ڕێکخراوه‌یی و حیزبایه‌تیدا. ساحه‌ی سیاسیی کوردی به‌ گشتی هه‌مووی پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ زیاتر هه‌م و خه‌ممان ئیسلامییه‌کانه‌.

کوردپرێس: پرسیاره‌که‌ ئاوا ئاراسته‌ بکه‌م به‌ دڵنیایییه‌وه‌ ئێوه‌ له‌ هه‌موو یان لانی‌که‌م له‌ زۆربه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانتاندا که‌ بۆ گه‌یشتن به‌ به‌ره‌ی یه‌کگرتووی ئیسلامی ئه‌نجام دراوه‌ به‌شدار بوون و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری هه‌موو بۆچوونه‌کانن ئه‌و خاڵانه‌ چین که‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌سه‌ری ڕێکبکه‌ون؟

کامیل مه‌حموود: من وه‌کوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای کاری هاوبه‌ش و ئه‌ندامی لیژنه‌ی هاریکاری ده‌یڵێم من خاڵێکی جه‌وهه‌ریی جیاواز له‌ نێوانماندا نابینم که‌ باییی ئه‌وه‌ بێت که‌ ئیسلامییه‌کان جیا بن له‌سه‌ری به‌ڵکوو ئه‌وه‌ هه‌یه‌ لایه‌نی کۆمه‌ڵی ئیسلامی دوورترن له‌ پڕۆژه‌که‌وه‌ و پێیان‌وایه‌ کۆمه‌ڵێک مه‌واقیفی سیاسییان هه‌بوووه‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی کوردی و به‌ تایبه‌ت دژی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبه‌ت باشتر بڵێم له‌ به‌رانبه‌ر پارتیدا نه‌ک دژ به‌ پارتی. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ش که‌ زۆر جار باجی پێ دراون ده‌یانه‌وێت به‌روبومه‌که‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بچننه‌وه‌ و خۆیان تێکه‌ڵی هیچ هێزێکی‌تر نه‌که‌ن که‌ له‌وانه‌یه‌ وه‌کوو ئه‌وان ئه‌و مه‌وقیفه‌ تونده‌یان نه‌بووبێت. من بڕوام وایه‌ هه‌ڵوێستی هه‌موو لایێکمان له‌ کوردستان دژی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و نایه‌کسانییه‌ که‌ له‌م وڵاته‌دا دوو حیزب پیاده‌ی ده‌که‌ن.

کوردپرێس: ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ له‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کان ده‌گیرێت که‌ پڕۆژه‌یێکیان نییه‌ بۆ حکوومه‌ت و به‌شداری کردنی سیاسه‌ت هه‌روه‌هاش پاشکۆی هه‌ر کامێکیان به‌ شێوه‌یێک پاشکۆی حیزبه‌ گه‌وره‌کانه‌ هه‌ر بۆیه‌ ناتوانن بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن و ده‌ڵێن ده‌ستی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ ناهێڵێت لایه‌نی ئیسلامی بگاته‌ ڕێککه‌وتن ڕای ئێوه‌ له‌وباره‌وه‌ چییه‌؟

کامیل مه‌حموود: به‌ڵێ ئه‌وه‌ ڕاسته‌ و یه‌کێک له‌ کێشه‌ و گرفته‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسیی کوردستان به‌ گشتی نه‌بوونی پڕۆژه‌یه‌ و به‌ڕێوه‌بردنی کاری حیزبایه‌تی له‌سه‌ر میزاجی شه‌خسی و نوخبه‌یێکی سیاسی به‌ڵام به‌ نیسبه‌ت ئێمه‌ ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی هاوبه‌ش که‌ نزیکه‌ی 12 کۆبوونه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا به‌ڕێوه‌ چوووه‌ (کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ لووتکه‌ی ئیسلامی) ڕابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی زیاتر له‌ کۆبوونه‌وه‌یێکدا داوای له‌ هێزه‌ ئیسلامییه‌کان کردوووه‌ که‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ پڕۆژه‌یێک گه‌ڵاڵه‌ بکه‌ین له‌سه‌ر ئه‌ساسێکی زانستی و هه‌موو هێزه‌ کوردی و هه‌رێمایه‌تییه‌کان پۆلێن بکه‌ین و له‌گه‌ڵیان دابنیشین بزانین خاڵی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ کێ هه‌یه‌ و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کان هه‌ڵسه‌نگێنین بزانین چۆنه‌ و خاڵه‌ ناکۆکه‌کانیشمان ده‌رکه‌وێت و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش و ناکۆکییه‌کان هه‌ڵوێستی سیاسیی خۆمانمان هه‌بێت نه‌ک له‌سه‌ر ئه‌ساسی شه‌خسی. بۆ ئه‌وه‌ی پاشکۆیه‌تی بۆ هیچ لایێک نه‌بێت. ئێمه‌ داوای هه‌موو ئه‌مانه‌مان کردوووه‌ به‌ڵام تا ئێستا وه‌ڵامدانه‌وه‌مان نه‌بوووه‌ چوونکه‌ زۆر جار به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان له‌ پێش هه‌نگاوه‌کانه‌وه‌یه‌.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی چه‌ند خولی ڕابردووی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ئاستی هه‌رێمی کوردستان یان له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ گشتی لایه‌نی ئیسلامیی کوردستانی ده‌نگی زیادی نه‌کردوووه‌ یان له‌سه‌ر هه‌مان ئاست ماوه‌ یان که‌می کردوووه‌؟ پێشبینی ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌نگی لایه‌نی ئیسلامی و به‌ تایبه‌ت بزووتنه‌وه‌ به‌ره‌و چ ئاراسته‌یێک بڕوات؟

کامیل مه‌حموود: هۆکاری یه‌که‌می که‌م کردنی ده‌نگی ئیسلامییه‌کان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ کوردستان هه‌ل ناڕه‌خسێنن بۆ هه‌ڵبژاردنێکی پاک و نه‌زیف له‌ کوردستان به‌ڵکوو شێوازی نوێ داده‌هێنن له‌ ساخته‌کاری و ئه‌وه‌ش بینیمان خراپترین شێوازی ته‌زویر بوو که‌ له‌ ڕێ ئه‌لیکترۆن و ئه‌و جیهازه‌وه‌ ئه‌نجام درا. ئێمه‌ پێمان وابوو ئه‌و جیهازه‌ پێشکه‌وتوووه‌ ڕێگه‌ له‌ ته‌زویر ده‌گرێت به‌ڵام ته‌زویری گه‌یانده‌ ئاستێک که‌ تا ئێستا نموونه‌ی له‌ هیچ شوێنێک نه‌بوووه‌. هۆکاری دووهه‌میش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زاتی خودی ئیسلامییه‌کان که‌ بریتییه‌ له‌و په‌رته‌وازه‌یییه‌ی هه‌یانه‌ و پێوه‌ندیی به‌و تێگه‌یشتنه‌ی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێن ئه‌م لایه‌نه‌ ئیسلامییانه‌ بۆچی پێکه‌وه‌ نابن و جیاوازییه‌کانیان چییه‌ چوونکه‌ خه‌ڵکی ده‌نگده‌ر جیاوازی نابینێت له‌ نێوان ئێمه‌دا ته‌نها ئه‌وه‌ی که‌ هه‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نوخبه‌یێک یان که‌سێکه‌ ئه‌گینا هێزه‌ ئیسلامییه‌کان ئێستا وه‌کوو یه‌ک کار ده‌که‌ن و پاساو نییه‌ بۆ جیایییان و مه‌فرووز بوو له‌ یه‌ک حیزبدا کاریان بکردایه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو لای خه‌ڵکی ده‌نگده‌ر پریسیارن و جۆرێک له‌ بێ متمانه‌یی له‌ لای خه‌ڵک و موسڵمانی موحافیزه‌کار که‌ ده‌نگده‌ری لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌کانه‌ دروست ده‌کات و ئیسلامییه‌کان پێویسته‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌ و ئه‌و بێ‌متمانه‌یییه‌ بڕووخێنن به‌ڵام تا ئێستا به‌داخه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ بیکه‌ین.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16470

Your Comment

You are replying to: .
captcha