کوردپرێس:
سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردن لە هاووڵاتییان و بنەماڵەی قوربانیانی ڕووداوەکە داوای لە پارێزگاری کوردستان و سەرجەم دامودەزگا و لایەنە پێوەندیدارەکان کرد بەوردی بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە و پێڕاگەیشتن بە بنەماڵەی قوربانیان بکەن.
لای خۆیەوە سەرۆکی پەڕلەمانی ئێرانیش لە پەیامێکدا داخ و کەسەری خۆی بۆ ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی شاری سنە دەربڕی و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی قوربانیان کرد و هیوای تەندروستیی بۆ بریندارانی ڕووداوەکە خواست.
شەوی ڕابردوو تەنکەرێکی نەوتهەڵگر لە شەقامی شەهید حسێنیی شاری سنە خۆی بە پاسێکی موسافرهەڵگردا دەماڵێت و زیاتر لە 15 کەس لە ئاگردا دەسووتێن و هەر بەو بۆنەشەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە کوردستان ڕاگەیێندرا.
لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو تەنکەرێکی هەڵگری قیر ستۆپی پێنامێنێت و لە پاسێکی موسافرهەڵگر دەدات و کارەساتێکی دڵتەزێن ڕووی دا و زیاتر لە 15 کەس لە ئاگردا سووتان.
ئیدارەی پارێزگاریی کوردستان بەو بۆنەیەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد زانیاریی ورد لە سەر هۆکاری ئەو ڕووداوە بخەنە ڕوو.
بە وتەی شۆفیری پاسەکە ئەو پاسە 14 موسافر و دوو شۆفیر و شاگردێکی پێ بووە کە تەنها دوو کەس توانیویانە خۆیان ڕزگار بکەن و بە داخەوە دیکەی موسافرەکان بوونەتە قەقنەس.
جگە لە پاس و تەنکەرەکە چەند ئوتومبێلی دیکەی سەر شەقامەکە لە ئاگردا بە تەواوی سووتاون و ڕووداوەکە قوربانیی تریشی لێکەوتۆتەوە و چەندین برینداریش بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە و دۆخی تەندروستیی ژمارەیێک لە بریندارانیش ناجێگیرە بەڵام تا ئەم کاتە ئاماری ورد لەو بارەیەوە لە بەردەستدا نییە.
Your Comment