کوردپرێس:
ماڵپەڕی ئەلمانیتۆر لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی مەنبەج لە باکووری سووریا دەتوانێت کارتێکەریی زۆری هەبێت لە پێوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا. ئێستاش تورکیا زۆر دڵگرانە لەوەی ئەمریکا و ڕووسیا لە دیداری 16ی تەمووزی نێوان سەرۆککۆماری هەردوو وڵات بگەنە ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی جووڵەی سەربازیی دەوڵەتی مەرکەزیی سووریا لە باکووری ئەو وڵاتە زیاد بکرێت و کۆدەنگ بن لە سەر دامەزراندنی ناوچەیێکی خۆبەڕوەبەری کوردی لە باکووری سووریا.
ئەلمانیتۆر لەو بارەیەوە زیادی کردووە: بەرپرسانی تورکیا دەزانن چ ڕووسیا و چ ئەمریکاش لارییان نییە لە دامەزراندنی ناوچەیێکی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا بۆیە ئەوەش دەبێتە سەرئێشەیێکی نوێ بۆ تورکیا.
ئەو ماڵپەڕە هەروەهاش لە زاری نەعیم بابورئوغڵو، ژنەڕاڵی خانەنشین کراوی تورکیاوە نووسیویەتی دیداری نێوان ترەمپ و پووتن دەتوانێت دژایەتیی تورکیا و ئەمریکای لێبکەوێتەوە بەو مانایەی دەوڵەتی سووریا دەسەڵاتی زیاتر ببێت لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری فورات و ناوچەیێکی خۆسەری کوردی لە بەری ڕۆژئاوای فورات دابمەزرێت کە یەپەگە ئیدارەی دەکات.
ئێستا نیگەرانیی تورکیا لەبارەی نەکشانەوەی هێزی کورد لە مەنبەج و بێ ئەنجام بوونی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەر کشانەوەی ئەو هێزە کە ژمارەی دەگاتە 5000 بۆ 7000 کەس فراوانتر بووە. میدیا تورکییەکان لەم دواییەدا باس لە زیادکرانی یارمەتیی سەربازیی ئەمریکا بۆ کوردی سووریا دەکەن.
کونگرێسمان لیندسی گراهام لە پشکی کۆمارییەکانی دەسەڵاتدا لە ئەمریکا پێش یەک حەفتە سەردانی سووریای کرد و ڕایگەیاند هێزی کوردی مەنبەج تا مەودای 20 کیلۆمەتری لەو شارە دوور کەوتوونەتەوە و هەر ئەو مەودایەش بەسە و نابێت تورکیا چاوەڕانی ئەوە بکات کە کورد زیاتر لەو مەودایە لە مەنبەج دوور بکەوێتەوە.
Your Comment