وردەکاریی پڕۆژەیاساکەی پارتی ‌و گۆڕان لەبارەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

پەڕلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەڵپەسارندی ئەرکەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم کرد و لەو دانیشتنەشدا فراكسیۆنەکانی پارتی ‌و گۆڕان بەجیا پڕۆژەیاسایان بۆ هەڵپەساردنی كارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان پێشكەش کرد.

کوردپرێس:

لە دانیشتنی 11ی تەمووزی 2018دا پەرلەمانی كوردستان بە کۆى دەنگى ٤١ پەرلەمانتار بەرامبەر بە ١٢ دەنگى نەخێر خوێندنەوەی یەكەمى بۆ پڕۆژەیاسایێکى تایبەت بە هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كرد.

دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، فراكسیۆنەکانی پارتی ‌و گۆڕان بەجیا پڕۆژەیاسایان بۆ هەڵپەساردنی كارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە و بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایانە هەڵپەساردنی كارەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان تاوەكوو نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێت.

هەروەهاش بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لەو بارەیەوە رایگەیاند "پێشکەشکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ ئەوەیە هەرێمی کوردستان نەکەوێتە بۆشاییی یاساییەوە، هەروەها لە دەستپێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانیشدا دەستبەجێ چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە".

پڕۆژەیاساکەی گۆڕان

پرۆژە یاساکەی گۆڕان لەلایەن فراکسیۆنى گۆڕان و دوو پەرلەمانتارى یەکگرتووەوە ئامادە کراوە و لە شەش مادە پێکهاتووە بەم شێوازە:

بەپێی مادەکانى یەکەم و دووەم، هەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەماندا ئەنجام نادرێت و یاساى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم ژمارەى دووى ساڵى ٢٠١٧ بەردەوام دەبێت.

بەپێی مادەى سێیەمیش، پێویستە خولى پێنجەمى پەرلەمان لە یەکەم وەرزى گرێدانیدا و لەژێر ڕۆشنایی بنەما گشتییەکانى دەستوور، بڕیار لەسەر چارەنوسى دامەزراوەى سەرۆکایەتیى هەرێم بدات.

لە مادەکانى چوارەم و پێنجەمدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کار بە هیچ دەقێکى یاسایی ناکرێت پێچەوانەى حوکمەکانى ئەم یاسایە بێت و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دواى پەسەندکردنى لەلایەن پەرلەمانەوە یاساکە جێبەجێ بکەن.

پڕۆژەیاساکەی پارتی

پێشتریش فراکسیۆنى پارتی پرۆژەیاسایێکى بۆ هەمان مەبەست ئامادە کرد و لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا کە لە دوو مادە پێکهاتووە، مادەى یەکەمى باس لەوە دەکات کە ئەرک و دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم تا پەسەندکردنى دەستوورى هەمیشەیی هەرێمى کوردستان بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانى هەرێم دابەش دەکرێن.

مادەى دووەمیش دەڵێت مادەى سێیەمى یاساى دابەشکردنى دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم هەڵدەوەشێتەوە، واتە ڕاگرتنى کارکردن بە یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم لەدواى هەڵبژاردنى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستانیش بەردەوام دەبێت، بەوپێیەش هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى هەرێم ئەنجام نادرێت.

هەڵوێستی لایەنەکان

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەو هەوڵانە بە موزایەدەى سیاسى ناودەبات و دەڵێت ئەو هەوڵانەش بۆ سڕكردنی دامەزراوەكە نییە بەڵكوو شەرعییەتدانەوەیە بە بارزانى بۆ ئەوەى ٨ ساڵی دیكە ببێتەوە بە سەرۆکى هەرێم.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمان باس لەوە دەكات لە ڕابردوودا پڕۆژەیان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم پێشكەش كردووە و تا ئێستەش سوورن لەسەر ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر ئەو پرۆژەیە بکات و لەگەڵ ئەوەشن سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان باس لەوە دەكات پڕۆژەكەیان تەواو جیاوازە لە پڕۆژەكەی فراكسیۆنی پارتی و دەڵێت، هەوڵیان دا سیستمەکە بکەنە پەرلەمانی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و ئێستا ستراتیژێکی نوێیان گرتووەتە بەر و لە قۆناغی یەکەمدا دامەزراوەکە سڕ دەکەن، لە قۆناغی دووەمیشدا دەبێت خولی نوێی پەرلەمان چارەنووسی دامەزراوەکە یەکلایی بکاتەوە تا هەڵوەشاندنەوەی.

بەهار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لەو بارەیەوە وتوویەتی بەهۆی ئەوەی تەنها هەڵبژاردن بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمان دەكرێت، بۆیە دەبێت چارەسەرێك بۆ پرسی سەرۆكی هەرێم بكرێت، چوونكە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكەوینە بۆشایی یاساییەوە.

ناوبراو وتیشی، “بۆ ئەوەی نەكەوینە بۆشایی یاسایی لە نەبوونی سەرۆكی هەرێم، بۆیە ئەو پڕۆژەیەمان داوەتە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، چوونكە لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم هاتووە، دابەشكردنی دەسەڵاتەكان تا هەڵبژاردانی پەرلەمان دەبێت، بۆیە دوای ئەوە ئەگەر سەرۆكی هەرێم نەبێت ئەوا ئەگەر هەڵبژاردنیش بكرێت كەس نابێت بانگێشتی پەرلەمان بكات بۆ یەكەم كۆبوونەوە، بەمەش پەرلەمان ناتوانێت كۆ ببێتەوە و دەكەوینە بۆشایی یاسایی”.

بەهار مەحموود تۆمەتی هەندێك پەرلەمانتار و فراكسیۆنی دژی گۆڕان ڕەت كردەوە و وتی، “ئەگەر ئێستا چارەسەری ئەو پرسە نەكرێت و كەوتینە بۆشایی یاسایی، باشە كە هەڵبژاردنی پەرلەمان كرا كێ‌ بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ یەكەم كۆبوونەوە؟، بۆیە ئێمە چارەسەرمان پێشكەش كردووە تا دامەزراوەكان نەوەستن بەبیانووی ئەوەی كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێم هەیە”.

دواى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە، سەرۆكایەتیی پەرلەمان سیفەتی بەپەلەی داوەتە پرۆژەیاساکە و لیژنەى یاسایى لە پەرلەمانى کوردستان ڕاپۆرتى بۆ پرۆژە یاساکە نووسیوە و پێ دەچێت بۆ خوێندنەوەى دووەم و دەنگدان لەسەرى، بخرێتە بەرنامەى کارى دانیشتنى داهاتووى پەرلەمانەوە.

دامەزراوەى سەرۆکایەتیی هەرێم لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٥ەوە دامەزراوە و هەشت ساڵ بە شێوەیێکی فەرمی مەسعوود بارزانی سەرۆکایەتیی کردووە و نزیکەی چوار ساڵیش بە درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی تا مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە پۆستەکەى بەردەوام بوو.

سەرچاوەکان: تۆڕی میدیاییی ڕووداو- تۆڕی هەواڵی خەڵک- تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی- تۆڕی هەواڵی سلێمانی

News Code 16427

Your Comment

You are replying to: .
captcha