بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیزا فەلەکەدین، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند: " پڕۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەکێکە لە بەرنامە زەقەکانی بانگەشەی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانی و عێراقی کەوا جگە لە چەواشەکاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كردووە: "مامۆستایێکی ئازیز یاخود فەرمانبەرێکی ماندوونەناس شایستەی ئەوە نییە بەساویلکە بزانرێت و بە دوو ژاوە ژاوی سیاسی هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی هەست و بیرکردنەوەی بدرێت و بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و کورسییێکی پەرلەمانی، لە هەمووی سەیروسەمەرەتر کەسانێک کە خۆیان کردووەتە خاوەنی پرۆژەکە لە رابردوو نەیانتوانیوە پابەندی سیاسەتی حزبەکەی خۆیان بن و بەبێ هیچ دوو دڵییەک لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان بە چاوتروکاندنێک پشتیان لە حزبەکەی خۆیان کردووە. "
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "لە هەمووشی کارەساتبارتر ئەو پرۆژەیە واژووی پەرلەمانتاری وای تیایە کە بە رەچەڵەک کوردە و پاسپۆرتی ئەمریکی هەیە کەچی بەرژەوەندییەکانی ئەوەنە زاڵبوونەتە سەری فەرمان لە ئەنارشیزمەکانی بەغدا وەردەگرێت، بە راستی ئەم جۆرانە ئیتر جێگەی بەزەیین."
لیزا فەلەکدین لە درێژەی نووسینەکەیدا باسی لەوەکردووە: "هەردوو حکوومەتی هەرێم و بەغدا لە هەوڵێکی جدیدان کە بگەنە میساقێکی سیاسی و ئابووری تاوەکوو کۆتایی بە ململانێی حەوت ساڵەی نێوانیان بهێنن، بێگومان ئەمەش هەندێک لایەنی بەتەواوی پەست و قەڵس کردووە و بە پیلانرێژی و بەرنامە جۆراجۆر دەیانەوێت بەربەست لەبەردەم ئەو رێککەوتنانە دروست بکەن."
پەرلەماننتارەکەی پارتی جەختی کردووەتەوە: "حکوومەتی عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و یاسییەوە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە دڵنیابن ئەو پرۆژەیە تا بەردەگای هۆڵی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەچێت، بەڵام ناچێتە ژوورە. "
لە کۆتایی نووسینەکەیدا لیزا فەلەکەدین ئاماژەی بەوەکردووە: "ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی خۆیان کردووەتە خاوەنی ئەم پرۆژەیە چاکتر وایە سەرقاڵی پرسی گرنگتر بن کە واقعی بێت و ئەنجامی هەبێت و لە بەرژەوەندی کوردستانیان بێت، بۆ نموونە پرسی هەمواری دەستوور و هەوڵی شۆڤینییەکان بۆ لابردن و نەهێشتنی ماددەی 140، پێویستە دەستوبردێک بکەن و چۆن توانیان 117 واژووی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پرۆژەیێکی خەیاڵاوی کۆبکەنەوە ئاواش لۆبی بۆ ئەم پرسەش دروست بکەن."
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment