سه‌رۆکی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌مدواییه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ به‌ کوردپرێس ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- شیلان جه‌عفه‌ر سه‌رۆکی لیژنه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌باره‌ی دانیشتنه‌که‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی هه‌رێمی کوردستان و ته‌وه‌ری ئه‌و دانیشتنه‌ که‌ ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌مدواییه‌ی کۆگاکانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بوو کۆمه‌ڵێک ورده‌کاریی بۆ کوردپرێس خسته‌ ڕوو.

کوردپرێس- له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا چه‌ند کۆگای چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ سێ پارێزگای هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک ته‌قینه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانی زۆری مادی که‌ ته‌نانه‌ت چه‌ند که‌یس زیانی گیانیشی لێکه‌وته‌وه‌. به‌رپرسانی پێوه‌ندیداری هه‌رێمی کوردستان سه‌ره‌تا له‌ ڕوونکردنه‌وه‌کاندا هۆکاری ته‌قینه‌وه‌کانیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و نه‌بوونی ستانده‌ر و شێوازی سه‌رده‌میانه‌ و نوێ بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییه‌کان به‌ڵام هه‌واڵی چه‌ند میدیایێک گومانی خستۆته‌ سه‌ر ته‌قینه‌وه‌کان و هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌.

شیلان جه‌عفه‌ر له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی کۆگاکانی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی به‌ ئاژانسی هه‌واڵی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌وباره‌یه‌وه‌ لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان ڕۆژی 3ی ته‌مووز بانگهێشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی کرد هه‌ر به‌و پێیه‌ش وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ لیژنه‌یێکی به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و بابه‌ته به‌ هاوکاریی ئاسایش و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌کان‌ پێکهێناوه‌ و تا ئێستا ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌رنه‌چوووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ی به‌ لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مان دابێت ئه‌وه‌یه‌ ته‌قینه‌وه‌کان له‌و کۆگایانه‌ کراون که‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نیین به‌ڵکوو سه‌ر به‌ یه‌که‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و هۆکاره‌که‌شی خراپیی شوێنی کۆگاکانه‌ که‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆن بوونی شوێنی ته‌قه‌مه‌نییه‌کان و به‌کار نه‌هێنانی شێوازی زانستی و پێشکه‌وتوو بۆ هه‌ڵگرتنی ئه‌و چه‌کانه‌.

ناوبراو گوتیشی: هۆکارێکی دیکه‌ش له‌ ته‌قینه‌وه‌کاندا به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمایه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌کوو لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مان داوامان لێ کردن ڕێوشوێنێک بگرنه‌به‌ر که‌ کۆگاکانی دیکه‌ی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی تووشی ڕووداو نه‌بن چوونکه‌ تا ئه‌م کاته‌ش هه‌رێمی کوردستان مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌یه‌ له‌ ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی داعشه‌وه‌ بۆیه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش دڵنیایی ئه‌وه‌ی دا کۆگاکان به‌ هاوکاریی هێزی هاوپه‌یمانان دروست کراوه‌ و مه‌خزه‌نه‌کان شوێنی سه‌رده‌میانه‌یه‌.

شیلان جه‌عفه‌ر زیادی کرد: لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانیش داوای له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کرد ئه‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ی هی یه‌که‌کانی دیکه‌یه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ ئه‌و کۆگایانه‌ی که‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان دروستی کردوون و سه‌رپه‌ره‌شتیی ده‌کات.

شیلان جه‌عفه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر چه‌ند هه‌واڵێکی میدیای فه‌رمیی په‌که‌که‌ دا که گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ و‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان بڵاو کردۆته‌وه‌ گوایه‌ ته‌قینه‌وه‌کان بۆ په‌رده‌پۆش کردنی فرۆشی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و یارمه‌تیی هاوپه‌یمانانه‌ له‌ بازاڕی ڕه‌شدا.

ناوبراو گوتیشی: داوا له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کراوه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ بدات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گومانانه‌ی له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌ی کۆگاکان هه‌یه‌ لای جه‌ماوه‌ر نه‌مێنێت. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش دڵنیایی ئه‌وه‌ی دا که‌ ته‌قینه‌وه‌کان هیچ پێوه‌ندیی به‌ فرۆشتنی چه‌ک و ئه‌و گه‌نده‌ڵییانه‌وه‌ نییه‌ و هه‌روه‌ها هیچ ده‌ستێکی ده‌ره‌کیی تێیدا نییه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16339

Your Comment

You are replying to: .
captcha