کوردپرێس: هەورامان محەمەد، جێگری فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانیی دووی پێشمەرگە و نوێنەری پێشمەرگە بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ سەرپەرشتیارانی پرۆسە سەربازییەكەی سوپای عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند”هێزی پێشمەرگە بۆیە لەنێوان كەركووک و چەمچەماڵ بڵاوەیان پێكراوە بۆ ئەوەی شتێك دروست نەبێت، چوونكە رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، سوپای عێراق ویستیان بێنە سنووری پێشمەرگە و رێگەیان پێنەدرا.”
عەمید روكن هەورامان ئاماژەی بەوەش كرد رێگە بەهاتنە پێشەوەی سوپای عێراق نادرێت، پێشتر داوا كراوە گوندە كوردنیشینەكانی ناوچەكە لەهێرشی داعش بپارێزرێت، سوپا لەسەر داوای هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەكەی ئەنجام داوە، وتی”بەڵام هەندێكیشی دەچێتە بابی سیاسییەوە.”
ناوبراو وتیشی”ئەمرۆش ویستیان لەسنووری قەرەهەنجیرەوە بێنە پێشەوە، وتمان رێگەتان پێنادەین.”
بەپێی زانیارییەكانی دەنگی ئەمەریكا، سوپای عێراق ویستوویەتی پشتەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەش لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكەیدا بپشكنێت، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە.
سەبارەت بەنیازی هێزە عێراقیەكان لەگەیشتنە پشت سەنگەرەكانی پێشمەرگە، عەمید روكن هەورامان وتی”ئەوەی پلانی پرۆسەكەی داناوە، بەو شێوەیە داینابوو، نیەتێكی تری هەبێت، ئەوە مەسەلەیێكی ترە، بەڵام ئێمە كە وتوومانە پێویست ناكات بێنە سنووری پێشمەرگە، نەهاتوون.”
ناوبراو وتیشی”شاخی غەرەی نزیك خورماتوو مەنبەعی داعشە، بەسوپامان وت گەر دەتوانن هێرشی بۆ بكەن، ئێمە هاوكارتان دەبین، بەڵام ئەوان خۆیان لە قەرەی داعش نەداوە و تەمشیتی شاخی غەڕە و پەڵكانەیان نەكردووە.”
بەڵام لیوا سامر حوسێنی فەرماندەی فیرقەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، رەتی كردەوە لەو ناوچانە نزیك نەبێتەوە كەداعشی تێدایە و بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند”هێزەكانمان دەستیانگرتوە بەسەر چەندین پشتێنی بۆمب رێژكراوی داعش و شوێنەكانی مانەوەیاندا.”
سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگە لەئۆپەراسیۆنەكەدا، عەمید روكن هەورامان وتی”ئێمە نوێنەرمان تەنسیقی هەبوو لەگەڵ سوپا، لەهەر جێگەیێک پێشێلكاری هەبوایە ئاگادارمان دەكردنەوە، ئەگینا بەهێز بەشدار نەبووین.”
جووڵانی هێزە عێراقییەكان بەرەو ناوچە كوردستانیەكانی رۆژهەڵاتی كەركووک و باشووری رۆژهەڵاتی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بەبیانووی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی داعش، بەلای هێزە كوردییەكانەوە جێی گومانە، بەتایبەت كە هێزەكانی داعش لەناوچەكانی رۆژهەڵات و باشووری كەركووكن.
Your Comment