کوردپرێس:
هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران نوێنەرانی کۆمپانیای دیلۆیتیش ئامادەبوون و راپۆرتی نوێی خۆیان پێشکەش بە کۆبوونەوەکە کردووە کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ رای گشتی بخرێتەڕوو.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بەردەوام رایدەگەیەنن کە لە دانوستاندندان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەرێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستان-جەیهان، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئاگایی خۆی لەو بارەیەوە دووپات کردووەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفراسنێکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند کە ئامادەن یارمەتیی عێراق بدەن لە گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان و رادەستکردنی نەوتی کەرکووک لە جەیهان بە کۆمپانیای سۆمۆ.
بەپێی یەکەمین راپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا کە نەوتی کەرکووکی هەناردە کردووە، مانگانە وەک پارەی پێترۆ دۆلار 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو پارێزگایە تەرخان کردووە. بەڵام دوای ئەوەی نەوتی کەرکووک هەناردە ناکرێت، ئەو پارێزگایە بێبەش بووە لە پارەی پێترۆدۆلار.
سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا رایگەیاند کە تا چەند رۆژی داهاتوو راپۆرتی نوێی کۆمپانیای دیلۆیت لەسەر نەوتی هەرێم بڵاو دەکرێتەوەو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نوێنەرانی کۆمپانیاکە ئەمادە بوون.
دوای رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی2017 ی کەرکووک، حکوومەتی عیراق ئامادە نییە نەوتی کەرکووک لەرێگەی بۆڕی کوردستان-جەیهان هەناردەبکات. لەجیاتی ئەوە لەگەڵ ئێران رێککەوتووە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران. ئەمە لەکاتێکدایە پرسی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە ئەمریکا هەوڵدەدات شکست بە مامەڵە نەوتییەکانی ئێران بهێنێت، لەلایەن کۆشکی سپییەوە بە هەستیارییەوە چاوی لێدەکرێت.
سەرەتای ئەم هەفتەیە جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی کەرکووک لە گفتوگۆدان، بەڵام هەر زوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەتی کردەوە و رایگەیاند، نازانێت وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ کێ دانوستاندن دەکات.
Your Comment