سەعد حەدیسی: شانەی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپا هەیە 

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایگەیاند، بوونی هێزەكانی حكوومەتی عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان لەسەر بنەما دەستوورییەكانە و دەشڵێت: “شانەی هاوبەشی سوپا و هێزەكانی پێشمەرگە هەیە”.

کوردپرێس:

سەعد حەدیسی، وتەبێژی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی حەیدەر عەبادی لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، حكوومەتی عیراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و مەترسیی گرووپە تیرۆریستییەكان پێشنیاریی كردبوو، چەند یەكەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان، بەو مەرجەی دەبێت ئەو هێزانە لەژێر فەرمانی حكوومەتی فیدراڵدابن، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پێشنیارەی بەغدای ڕەت كردەوە.

وتەبێژی حكوومەتی عیراق ڕەتیشی كردەوە، هیچ زانیارییێكی هەبێت لەبارەی قبووڵكردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، جگەلەوەی پێشتر وەك پێشنیارێكی مەرجدار پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرابوو.

بە وتەی حەدیسی، “حكومەتی فیدڕاڵ كاتێك لە پارێزگای كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بڵاوەیان كرد لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو، دەستووری جێبەجێ‌ كرد و دەسەڵاتی ئەمنی بەخشییە هێزەكانی حكوومەتی فیدڕاڵی تا دۆسێی ئەمنی ئەو ناوچانە بگرنە دەست”.

وتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئاماژەی بەو هەماهەنگیانەش كرد، كە لەئێستادا لەنێوان حكومەتی عیراق و حكوومەتی هەرێمدا هەیە لەپێناو بەرپەرچدانەوە هەر هەڕەشە و مەترسییێكی تیرۆریستی و لەو بارەیەوە وتی، “شانەیێكی كاریی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە هەیە و زانیارییە هەواڵگریییەكان لەنێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێت بۆ بەرپەرچدانەی هەر هەڕەشەیێكی تیرۆریستی، كە لەو ناچانەوە سەرچاوە بگرێت، كە تیرۆریستان و شانە تیرۆریستییەكان چالاكییان تێدا هەیە”، ئەو ناوچانەش بە وتەی حەدیسی نزیكن لە كوردستان و پارێزگاكانی هەرێمی و ئەو ناوچانەی هێزە عیراقییەكانی تێدا جێگیر بووە.

News Code 16289

Your Comment

You are replying to: .
captcha