ئاسۆ مامەند: نەک دەنگەکانمان لە کەرکووک کەم ناکات بەڵکوو زیادیش دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست دەستی پێکردووە و لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی لەو بارەیەوە دەڵێت دەنگەکانیان زیاد دەکات و پێی وایە ئەو دەنگۆیانەی بەرەی تورکمانی کە پێش رووداوەکان کەوتوون، بۆ ئەوەیە ئاژاوە بخەنە نێو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک و بۆ مەرامێکی تایبەتییانە.

کوردپرێس:

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێ، کورسییەکانی یەکێتی لە کەرکووک نەک کەم ناکەن، بەڵکوو رەنگە زیادیش ببێت، دەشڵێ دوای هەڵبژاردن قوفڵی چەند سندووقێک شکێنراوە و دەستکاری دەنگەکان کراوە، لەسەر ئەو بابەتەش سکاڵامان تۆمارکردووە و سکاڵاش تۆمار دەکەین و دەبێت قوفڵی سندووقەکان هاوتا بکرێنەوە.

ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بۆچوونی یەکێتی لەسەر ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانی کەرکووک و ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکرێت جیاوازییێکی زۆر لە ئەژمارکردنەوەی دەنگەکانی کەرکووک هەیە، رایگەیاند: "ئێستا نوێنەری کیاناتی سیاسی ئێمە گەیشتنەوە لای ئێمە، ئەو دەنگۆیانەی بەرەی تورکمانی کە پێش رووداوەکان کەوتوون، بۆ ئەوەیە ئاژاوە بخەنە نێو پێکهاتە و نەتەوەکانی کەرکووک و بۆ مەرامێکی تایبەتییانە".

ئاسۆ مامەند، دەڵێ: "سەرەڕای تێبینییەکانمان کە هەموو خەڵکی کەرکووک و کوردستان دەزانێت ژمارەیەک کۆگاکانی کەرکووک و داقووق لەژێر کۆنترۆڵی ژمارەیێک گرووپی چەکدار بوونە و دەستکاری سندووقەکان کراوە و قوفڵەکان شکێنراون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی بەراوردی قوفل و سندووقەکانیش نەکراوە، ئەمڕۆ لە کەرکووک جیاکردنەوە و ئەژمارکردنەوە بە دەست بۆ 24 سندووق کراوە، لەو ئەژمارکردنەوەیە دەنگەکانی ئێمە نەک کەمی نەکردووە بەڵکوو زیادی کردووە، لە کۆتایی پرۆسەکەش ژمارەکان هەمووی بڵاو دەکەینەوە".

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی، دەشڵێ: "سکاڵامان تۆمارکردووەو بەیانیش سکاڵا تۆمار دەکەین لەسەر ئەو گرووپە چەکداریانەی دەستیان بەسەر سندووقەکاندا گرتووە و دەبێت بەراوردی قوفڵی ئەو سندووقانە بکرێن کە کراونەتەوە، چونکە لە 13-ی مانگی 5ـەوە ئەو سندووقانە لەژێر دەستی لایەنێکی دیاریکراو بووە".

بەگوتەی ئاسۆ مامەند، بەڵگەیان لەلایە قوفڵەکان شکێندراون و دەڵێت: "ئێمە بەڵگەمان لەلایە کە قوفڵەکان شکێندراون و دەنگی زیادە خراونەتە نێو ئەو سندووقانەوە، دەنگی ئێمە لە هەندێک لەو سندووقانە دەرهێندراوە و دەنگی دیکەی تێکراوە".

ئاسۆ مامەند، دەشڵێ: "ئەو سندووقانەی کە دەستکاری نەکراوە دەنگەکان لەکاتی ئەژمارکردنەوە بە دەست وەکوو خۆی بووە، لەو سندووقانەشی کە قوفڵەکانی شکێندراوە جیاوازی هەیە".

بەگوتەی لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی "186 سندووقی کەرکووک نەژمێردراوە، لەکاتی ئەژمارکردنەوەیان بەدەست رەنگە کورسییەکانی ئێمە لە کەرکووک زیاد بکات".

پێشتر ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەیاننامەیێک رایگەیاندبوو "چاودێرمان لە نێو کۆگاکانی ئەژمارو جیاکردنەوەی سندووقەکانی دەنگدان لە کەرکووک هەیە، بەڵام ژمارەیان کەمن، مۆبایلەکانیان لێ وەرگیراوە و جیاوازییێکی زۆر لە نێوان ئەو ئەنجامانە هەیە، کە پێشتر بە ئەلیکترۆنی راگەیێندراوە، لەگەڵ ئەوەی ئێستا کە بەدەست جیا دەکرێنەوە".

News Code 16235

Your Comment

You are replying to: .
captcha