به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له باره‌گای تایبه‌تی خۆی له شاری سلێمانی پێشوازی كرد له مارتن وار كونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌ولێر.
له‌و دیداره‌دا كه شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 3ی هه‌ولێری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماده بوو باسیان له هه‌لومه‌رجی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی گه‌لی كورد و حكوومه‌تی به‌ریتانیا كرد.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه كونسووڵی گشتیی به‌ریتانیا سوپاسی كۆسره‌ت ڕه‌سووڵی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه و پاشان هه‌ر دوو لا بیروڕایان له‌سه‌ر ئاستی به‌ره‌وپێشچوونی پڕۆسه‌ی سیاسی له عێراق به تایبه‌ت له پاش ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و ڕووداوه لێكه‌وته‌كانی كه پاش هه‌ڵبژاردن هاتوونه‌ته پێش به تایبه‌ت هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن له په‌رله‌مانی عێراق و چۆنیه‌تیی جێبه‌جێ كردنی بڕیار و ڕاسپارده گرنگه‌كان و هه‌نگاوه پێویسته‌كانی.
دواتر هه‌ر دوو لا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته مافی هیچ لایێک نه‌خورێت و ماف بگه‌ڕێنه‌وه لای خاوه‌ن ماف. ئه‌گه‌ر هه‌ر جۆره به‌لاڕێدابردنێک ڕووی دابێت. هه‌روه‌ک په‌رۆشی هه‌ر دوو لا بۆ ڕاگرتنی ئارامی و سه‌قامگیریی سیاسی له عێراق و ناوچه‌كه و خۆلادان له هه‌ر جۆره گرژی و به‌ریه‌ككه‌وتنێک خاڵی هاوبه‌شی گفتوگۆی هه‌ر دوو لا بوون.
دواتر باس له ڕۆڵی سیاسیی هێزه كوردستانییه‌كان كرا له به‌غدا و چۆنیه‌تیی به‌شدارییان له ئایینده‌ی عێراق و له‌وباره‌یه‌وه یه‌كڕیزی و یه‌كگرتووییی لیسته كوردییه‌كان به گرنگ زانرا له‌پێناو پاراستنی سه‌نگ و قورسایی هێزه كوردستانییه‌كان و ئه‌وه‌ش دووپات كرایه‌وه كه به‌شداربوونی كارای هێزه كوردستانییه‌كان له پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا گرنگی ته‌واوی خۆی هه‌یه و ده‌بێته زامنی بونیاتنانی ئاشتی و ئارامی له عێراق و ناوچه‌كه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرنگیی یه‌كڕیزیی هێزه كوردستانییه‌كان و لێكنزیكبوونه‌وه‌ی گوتاره سیاسییه‌كانیان دووباره ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كرایه‌وه.
دوا ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌ش جه‌ختكردنه‌وه‌ی هه‌ر دوو لا بوو له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی به‌ریتانیا و گه‌لی كوردستان كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارت و لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن. له‌و بواره‌شدا هه‌ر دوو لا جه‌ختیان له به‌رده‌وام بوون و گه‌شه‌پێدانی ئه‌و په‌یوه‌ندییه سیاسی و سه‌ربازی و دیپلۆماتیانه‌یان كردوووه و هیوایان خواست به‌ره‌وپێشچوونی زیاتر له‌خۆ بگرێت و حكوومه‌تی به‌ریتانیا ببێته پاڵپشتیی به‌هێزی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی ره‌وای گه‌لی كوردستان له عێراقدا.
سه‌رچاوه: PUK media
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment