یه‌کێتی: به‌ بێ پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری بۆ خه‌ڵکی که‌رکووک نایێته‌دی

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- خه‌ڵکی که‌رکووک له‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌دان و یه‌کێتی وه‌ک هێزی سه‌ره‌کیی کورد له‌ که‌رکووک له‌ نیگه‌رانی خه‌ڵک تێگه‌یشتووه‌ و ده‌ڵێت: به ‌بێ پێشمه‌رگه‌ ئارامی و سه‌قامگیری بۆ خه‌ڵکی پارێزگاکه‌ به‌دی نایه‌ت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و عه‌ره‌بی ده‌یانه‌وێ بوونی هێزی عێراقی له‌ که‌رکووک بقۆزنه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌جێندای سیاسی خۆیان که‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی خزمه‌ت کردنی پڕۆژه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی- تورکی. بۆیه‌ ئێمه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ر پیلانێک ده‌بینه‌وه‌ دژی کورد له‌ که‌رکووک و پێویسته‌ ژووری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆن هه‌بێ و هێزی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌کان هه‌بێت."

عه‌ره‌ب و تورکمان که‌ ئێستا له‌ زۆربه‌ی پرسه‌کان دژی کورد ده‌چنه‌ به‌ره‌یێکه‌وه‌ هۆشداری له‌ گردبوونه‌وه‌ و چالاکی مه‌ده‌نی ده‌ده‌ن له‌ ئه‌گه‌ری پێکهێنانی هێزی هاوبه‌ش بۆ شاره‌که‌.

حاتم تائی گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت: "به‌ بڕوای من زیادکردنی هه‌ر هێزێک کێشه‌کانی زیاتر ده‌کات به ‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یێکی دیاریکراو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ ڕه‌ت کرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن پارته‌ سیاسییه‌کانی عه‌ره‌ب و تورکمان و جه‌ماوه‌ری ئه‌و دوو پێکهاته‌یه‌وه‌، به‌وه‌ی جگه‌ له‌ هێزه‌ فیدراڵییه‌کانی هێزی دیکه‌ قبووڵ ناکرێن."

شایانی باسه‌؛ له‌گه‌ڵ تێکچوونی دۆخی ئه‌منی و ئه‌نجامدانی زنجیره‌یێک ته‌قینه‌وه‌ له‌ که‌رکووک بیرۆکه‌ی پێکهێنانی هێزی هاوبه‌ش هه‌نگاوی پراکتیکی بۆ نراوه‌ و شاندی هاوپه‌یمانانیش بۆ هه‌مان پرس قسه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نی کوردی و تورکمانی و عه‌ره‌بی کردوووه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16206

Your Comment

You are replying to: .
captcha