ئاگر لە کۆگاى چەک و تەقەمەنیى پێشمەرگەی یەکێتی لە تاسڵوجە کەوتەوە/ یەکێتی ڕوونکردنەوە دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كۆگایێکی چەك و تەقەمەنیی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی لە ناوچەی تاسڵوجە لە سلێمانی گڕی گرت.

کوردپرێس:

سەردار مەحموود بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسى سلێمانى لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، ئاگر لە چەند کۆگایێک لە ناوچەى تاسڵوجە کەوتووەتەوە.

میدیاکانی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو هەواڵەوە وتوویانە دەنگى تەقینەوەى بەهێز لەناو کۆگاى چەک و تەقەمەنیى هێزەکانى پێشمەرگە بیستراوە و قەرەباڵەغییێکی زۆریش لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی ، تاسڵوجە دروست بووە.

تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند موشەک و تەقەمەنییەکانی کۆگای چەک و تەقەمەنی یەکەکانی حەفتا لە ئاسمانی تاسڵوجە دەتەقێتەوە و خەڵکێکی زۆر بەرەو پیرەمەگرون و ناوچەکانی تر ماڵوحاڵیان بەجێ دەهێڵن.

ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، دانیشتووانی بەحركە و گوندەكانی چواردەوری لەگەڵ دەنگی چەند تەقینەوەیێکی بەهێز بەئاگاهاتن، کە بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە ئاگرێكی زۆر لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی هێزی پێشمەرگە بەرزبوەوە.

عەمید ئەحمەد لەتیف وتەبێژی ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا لەبارەی ئاگرکەوتنەکەوە ڕایگەیاند ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکە لەناو بارەگای ھێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە نەبووە بەڵکو لە بارودخانەی ھێزەکانی ئێمە لەناوچەی تاسلوجە ڕوویداوە و تائێستا ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نەزانراوە.

ئاشکراشی کرد پێشبینی دەکرێت ھۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەھۆی شۆرتی کارەباوە بوبێت بەڵام بەھۆی مەترسیی ئەو باروداوە تیمەکانی بەرگریی شارستانی ناتوانن بچنە نزیک ڕووداوەکە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە تائێستا زیانی گیانی و مادی رووداوەکەی ئەمشەوی ناوچەی تاسلوجە نەزانراوە.

هەربەپێی زانیارییەکان بەھۆی ئەو ئاگرەوە بەشێکی چیاکەش لە ناوچەی تاسلوجە سووتاوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش لە ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان و ھاوکات داوا لە دانیشتوانی ناوچەکە کراوە چۆڵی بکەن تا دوور بن لە زیانەکانی ئاگر کەوتنەوەکە .

لە ماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، ئەوە سێیەمین جارە كۆگای چەك و تەقەمەنیی پێشمەرگە لە هەولێر بتەقێتەوە، بەبێ ئەوەی هۆكاری ئەو تەقینەوانە بزانرێت، تائێستاش هۆکاری تەقینەوەکەی ڕۆژی شەممە کە لە كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی هێزی پێشمەرگە لە بەحركە ڕووی دا بە تەواوتی نەزانراوە.

News Code 16194

Your Comment

You are replying to: .
captcha