سێ هاوپه‌یمانێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تۆمار كران

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ده‌رگای پێكهێنانی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داخست و له‌ واده‌ی دیاریكراودا سێ هاوپه‌یمانی پێكهێنراون و به‌رپرسێكی كۆمیسیۆنیش ده‌ڵێت: "قۆناغی داهاتووی كاره‌كانمان وه‌رگرتنی ناوی كاندیدی لایه‌نه‌كان و نوێ كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانه‌".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 27ی حوزه‌یران ده‌رگای تۆمار كردنی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان داخرا و له‌وباره‌یه‌وه‌ شۆڕش حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم رایگه‌یاند: سێ هاوپه‌یمانیی "به‌ره‌و ئیسڵاح"، "سه‌رده‌م" و یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی (كه‌ له‌ چوار لایه‌نی مه‌سیحی پێكهاتوووه‌) تۆمار كراون و واده‌ی تۆماری هاوپه‌یمانێتیه‌كانیش درێژ ناكرێته‌وه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 28ی حوزه‌یران كۆ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌مان ڕۆژ بڕیار له‌وه‌ ده‌دات ئایا ئه‌و سێ هاوپه‌یمانێتیه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێن یان نا.

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ده‌رباره‌ی قۆناغه‌كانی‌تری ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ 30ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه ‌بچێت وتی: قۆناغی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ تۆماری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و دواتر تۆماری هاوپه‌یمانییه‌كان که‌ هه‌ردووكیان ته‌واو بوون و قۆناغی داهاتوو وه‌رگرتنی لیستی ناوی كاندیدی قه‌واره‌ و هاوپه‌یمانییه‌كانه‌ و ده‌بێت له‌ مانگی 7دا لایه‌نه‌كان لیستی ناوی كاندیده‌كانیان ڕاده‌ستی كۆمیسیۆن بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ند بكرێن.

شۆڕش حه‌سه‌ن باسی له‌وه‌ش كرد هه‌ر له‌ مانگی ته‌مموزدا ناوه‌نده‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان بتوانن سه‌ردانیان بكه‌ن و دڵنیا ببنه‌وه‌ له‌ بوونی ناوه‌كانیان له‌ تۆماری ده‌نگده‌ران.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ئه‌و تۆماره‌ی ئێستا هه‌یه‌ و كۆمیسیۆنی هه‌رێم ئاماده‌ی كردوووه‌ جیاوازه‌ له‌و تۆماره‌ی پێشتر له‌ كۆمیسیۆنی عێراقیدا هه‌بوووه‌ و ماوه‌ی 6 مانگ كاری له‌سه‌ر كراوه‌ و پاككراوه‌ته‌وه‌ له‌ ناوی مردوو، ناوی له‌یه‌كچوو، ناوی دووباره‌ و ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ سنووری ماده‌ی 140 بۆیه‌ش ئه‌و قۆناغه‌ی به‌ قۆناغێكی هه‌ستیار ناو برد و داوای كرد له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ناوه‌نده‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌راندا هاووڵاتییان سه‌ردانیان بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 16057

Your Comment

You are replying to: .
captcha